بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم وەڵامی موسەننا ئەمین دەداتەوە
  2025-06-22       184       

مریەم عوسمان، بەرێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان وەڵامی موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق دەداتەوەو دەڵێت، ئەمڕۆ ناوبراو بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانی كردوە، كاتێك هاتوەتە ژورەوە یەكەم قسەی ئەوە بوە كە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێ نەكردوە.

ئاوێنە: مریەم عوسمان لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی "ئەمڕۆ پەرلەمانتاری یەکگرتوو موسەننا ئەمین بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئێمەی کردووە و کاتێک هاتووەتە ژوورەوە یەکەم قسەی ئەوە بووە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە!".

مریەم عوسمان ئاماژەی بەوەشداوە"وەک بەرچاوڕوونی بۆ كاک موسەننا و هاوسەرەکەی کە تەهدیدی کارمەندەکانمی کردووە، یەکەم من کەسێکی ئیشکەر و خزمەتگوزارم و ئەوکاتەی بۆ پێشوازی و ڕەسمگرتن و خۆنواندنی بەڕێزت دەیکوژم، دە تا پانزە فایلی خەڵکی هەژارو خانەنشینی پێ تەواو دەکەم."

ئەوەشی وتوە"دووەم، تۆ پەرلەمانتاری عێراقیت و تەنانەت ئەگەر نیەتیشت بێت کە نەتبووە بۆ بەدواداچوون بۆت نییە بێیتە لای ئێمە، ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان مەسئولین و دەرگامان کراوەیە ئەویش بە ڕێوشوێنی پەرلەمانی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردووە، وەکو دیکەش جەنابت و هەر کەسێکی دیکە لای ئێمە وەک یەکن واستە و مەحسوبییەت لەلامان ناخوات."

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ موسەننا ئەمین وتویەتی: "کاری خێزانی و شەخسی خۆتان بە کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن و لەدیدی ئێمەوە وەرگێڕی (موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانییان بێ مووچە کردووە، ژنێکی بەتەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەک لە خزمەت و بەدەمەوەچوونی ئێمە ڕازی بن، کە بەسەرچاو خزمەتییان دەکەین، بۆمان گرنگ نییە وەرگێڕێکی مووچەبڕان چۆن قسەمان لەسەر دەکات."

موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتو پێشتر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وتی، ئەمڕۆ بۆ بابەتێكی گشتی و پەیوەندیدار بە هاوڵاتییانەوە چوەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە هەولێر بەڵام بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی، بەشێوەیەكی پرۆتۆكۆلی و ئسوڵی پێشوازی لێ نەكردوە كە ئەم پەرلەمانتاری عێراقەو پلەی وەزیری هەیە.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی پەیامە ڤیدیۆییەكەی موسەننا ئەمین

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×