وەزیرى نەوتى عێراق لەبارەی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە ئاشکرایکرد، کە جێگیرەوەیان بۆ داختستنی ئەو رێڕەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق کە هاوکات جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراقیشە بۆ کاروبارى وزە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: "تائێستا هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە، بەڵام ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا جێگرەوەى هەیە و وەزارەتی نەوت کار لەسەر ئەو جێگرەوانە دەکات".
غەنى وتوشیەتی "لە چەند کێڵگەیەکى نەوت بەرهەمهێنان گەشەیپێدراوە و زیادى کردووە و ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەى کارکردن بەردەوامە بە بێ کێشە".
بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل مەترسی لەسەر داخستنی گەرووی هورمز هەیە. گەرووى هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانى جیهان و یەک لەسەر پێنجى نەوتى جیهان بەوێدا دەڕوات، کە دەکاتە نزیکەى 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.