سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بۆردومانی دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهانیان كردوە. ئێران دڵنیایی دەدات كە بەهۆی بۆردومانەكەوە هیچ بڵاوبونەوەیەكی ماددەی مەترسیدار روی نەداوەو جێی نیگەرانی نییە.
ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل جارێكی دیكە پێگەیەكیان لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان بۆردومان كردوە كە لە رۆژی یەكەمی هێرشەكانیشیاندا بۆ سەر ئێران بۆردومانیان كردبو.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان پڕۆسەی "گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ دروستكردنی ناوكی چەكی ئەتۆمی ئەنجام دەدرێت."
لەبارەی هێرشەكەوە میدیای ئێران لەزاری یاریدەدەری ئاسایشی پارێزگای ئەسفەهانەوە وتویەتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە سنوری پارێزگای ئەسفەهان بۆردومان كردوە كە زیانی گیانی بەدواوە نەبوە بەڵام زیانی ماددی هەبوەو یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشەكەی ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان بوە كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێران وەڵامی داوەتەوە.
یاریدەدەری ئاسایشی پارێزگای ئەسفەهان وتوشیەتی، هاوڵاتیان دڵنیا دەكەین كە لە ئەنجامی ھێرشەكە هیچ بڵاوبونەوەیەكی ماددەی مەترسیدار لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان نەبوەو جێی نیگەرانی نییە.
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆی دوای بۆردومانكردنی دامەزراوەكە كە دوكەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.