نیویۆرك تایمز: خامنەیی لە ئەگەری كوژرانیدا سێ جێگرەوەی بۆ خۆی دیاریكردون
  2025-06-21       1748       

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردۆتەوە كە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، سێ كەسی وەك جێگرەوەی خۆی دیاری كردون لە لە ئەگەری كوژرانی لە شەڕی ئیسرائیلدا.

ئاوێنە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە كە ئاگاداری پلانەكانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانن بۆ جەنگ، بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیان وتوە، ناوبراو سێ گەورە پیاوی ئایینی بۆ جێگرەوەی خۆی دیاریكردون تا لە ئەگەری كوژرانی لە شەڕی ئیسرائیلدا، جێگەی بگرنەوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشداوە، خامنەیی كە لە شوێنێكی پارێزراو لەژێر زەوی كاردەكات، لەڕێگەی یاریدەدەرێكی متمانەپێكراوییەوە پەیوەندی بە كاربەدەستانی دیكەوە دەكات و هەروەها جێگرەوەشی بۆ پۆستە سەربازییە سەرەكییەكان دیاریكردون لە ئەگەری كوژرانی فەرماندەی زیاتری سەربازیدا.

بەپێی قسەی یەكێك لە بەرپرسەكان، مجتەبای كوڕی خامنەیی لەنێو ئەو كەسانەدا نییە كە خامنەیی بۆ جێگرەوەی خۆی دیاریكردون.

بەرپرسە ئێرانییەكان ناوی ئەو سێ كەسەیان ئاشكرا نەكردوە.

نیویۆرك تایمز ئاماژەی بەوەداوە كە ئەم هەنگاوەی خامنەیی هەوڵێكە بۆ زامنكردنی جێگرەوەیەكی دەستبەجێ لەڕێگەی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران لە ئەگەری كوژرانی خۆی یاخود مردنی لەناكاویدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×