رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پێی وایە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كردەی "چەتەیین" و هێرشی توند دەكاتە سەر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئاماژە بەوەدەدات كە خواستەكانی نەتەنیاهۆ جیهان بەرەو كارەسات دەبەن. دەشڵێت، رێگە بە سایكس پیكۆیەكی نوێ لە ناوچەكەمان نادەین كە سنوری نەخشەكانی بە "خوێن" دیاری بكرێن.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ شەممە، لە وتەیەكدا لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامیدا وتی، كاتێك بابەتەكە پەیوەندی بە پرس و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمانەوە هەبێت، ئەركمانە كە ناكۆكییەكانمان وەلابنێین و یەكگرتو بین.
ئەردۆغان وتیشی"دو ملیۆن برامان لە غەززە ماوەی 21 مانگە هەوڵی مانەوە لە ژیان دەدەن لە دۆخێكدا كە خراپترە بەراورد بە كەمپەكانی دەستبەسەریی نازییەكان."
وتیشی"هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو لوبنان و یەمەن و سوریاو بەم دواییانەش بۆ سەر ئێران، كردەوەی چەتەیین. ئەو هێرشانە كاتێك ئەنجام دران كە هەوڵەكانی دانوستان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران چڕكرابونەوە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە بێگومانن گەلی ئێران ئەم رۆژانە تێدەپەڕێنێت بەهۆی یەكگرتویی لە روبەڕوبونەوەی سەختییەكان و شارەزایی و ئەزمونی بەهێزی دەوڵەتی ئێران.
سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی دیكە هێرشی كردە سەر نەتەنیاهۆ و وتی"وەك ئەوەی شەڕی ئاگری هیتلەر 10 ساڵ لەمەوبەر جیهانی گرتەوە، هەرواش خواستەكانی نەتەنیاهۆی زایۆنی تەنیا ئامانجی لێیان ئەوەیە كە جیهان راكێشێتە نێو كارەساتەوە."
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە لەگەڵ یادی 100 ساڵەی سایكس پیكۆدا، "پیلانگێڕی"یەك لە ئارادایەو وتی، "ئەمەوێ لێرەدا جەخت لەوە بكەمەوە كە ئێمە لە توركیا رێگە نادەین بە دامەزراندنی سیستمی سایكس پیكۆیەكی نوێ لە ناوچەكەمان كە سنوری نەخشەكانی بە خوێن دیاری بكرێن."
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لە هەوڵەكانمان بەردەوام بێت بۆ گرتنبەری رێكارەكانی راگرتنی ئیسرائیل بەپشت بەستن بە یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان. پێویستە هاودەنگییە زیاتر نیشان بدەین بۆ راگرتنی كارە چەتەییەكانی ئیسرائیل لە سوریا و لوبنان و ئێران و هەروەها لە فەلەستین.
وتیشی، پێویستە جیهانی ئیسلامی، كە زیاتر لە ملیارێك دانیشتوانە، ببێتە جەمسەرێكی سەربەخۆ.