وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: فەرماندەی بەشی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژرا
  2025-06-21       207       

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە، كوژرانی محەمەد سەعید ئیزدی، فەرماندەی بەشی فەلەستینی لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران راگەیاند.

ئاوێنە: ئیسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، لە هێرشێكی وڵاتەكەیان لە قوم، محەمەد سەعید ئیزی، فەرماندەی بەشی فەلەستینی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كراوەتە ئامانج و كوژراوە.

بەپێی قسەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران بەرلە هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هاوكاری چەك و دارایی داوە بە حەماس.

ئێران تاوەكو ئێستا هەواڵی كوژرانی فەرماندەكەی سوپای پاسدارانی پشتڕاست یان رەت نەكردۆتەوە.

لە هێرشەكەی ئیسرائیلدا بۆ سەر قوم، دو كەس كوژران و چوار كەسی دیكەش برینداربون، بەپێی میدیاكانی ئێران یەكێك لە كوژراوەكان مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵان بوە.

محمد سەعید ئیزدی، لە هێرشەكەی ساڵی رابردوی ئیسرائیلدا بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، هەواڵی كوژرانی بڵاوكرایەوە بەڵام دواتر دەركەوت هەواڵەكە راست نییەو ناوبراو رزگاری بوە.

لە هێرشەكەی ساڵی رابردوی ئیسرائیلدا بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق ژمارەیەك ئێرانی كوژران لەوانەی محەمەد رەزا زاهیدی كە یەكێك بو لە فەرماندە باڵاكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×