پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی دەدات: ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانمان هەیە
  2025-06-20       245       

لەگەڵ زیادبونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پارێزگاری سلێمانی دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت،" زیاتر لە 10 ساڵە ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانمان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ دابینکراوە ".

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە،" ئەمڕۆ دەستەى چاودێریى ئەتۆمیى عێراق لە ڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردۆتەوە، کە لە ئەگەرى هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، پشکنین بۆ گەیشتنى کاریگەریی تیشکدانەوەکان لە عێراقدا دەکرێت و ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانیان لە هەمو پارێزگاکانی عیراق دانراوە ".

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت،" لەم بارەیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پەیوەندییان پێوەکردوین کە ئایا ئامێرێکی لەو شێوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوە"؟

لەڕونکردنەوەکەی پارێزگاری سلێمانی ئەوەش هاتوە،" لێرەوە بۆ هەموو لایەکی ڕوندەکەینەوە؛ کە لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە لەسەر ئەرکی حکومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگای ژینگەی پارێزگای سلێمانی بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی دابینکراوەو بە سوپاسەوە بەبەردەوامیی تیمی پسپۆڕی فەرمانگای ژینگەی سلێمانی چاودێریی و پشکنین و کاریپێدەکات".

هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوەشکرد،" لە ئێستادا بەهۆی ئەم دۆخانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەردەوامن لەسەر ئەرک و کارەکانیان و تا ئێستا هیچ ئاماژەو مەترسییەکی تیشکدانەوەیان تۆمارنەکردوە ".

لەکۆتاییدا پارێزگاری سلێمانی وتیشی،" ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ دڵنیاکردنەوەی هەمووانە، نەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ ".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×