2025-06-22   1137     
لەپەرەسەندنێکی سەرنجڕاکێشی ململانێکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندوە، واشنتۆن ڕاستەوخۆ تارانی ئاگادارکردوەتەوە کە ئامانجی گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتە نییەو هێرشەکانی کۆتاییانهاتوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی بی ئێس، حکومەتی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامداوەو ڕونیکردوهتەوە، ئەو هێرشە سەربازییەی کە لەدژی ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران ئەنجامدرا، سنوردارو پێشوەختە پلانی بۆ دانراوە.
جەختیشی لەوەشکردوهتەوە، ئەمریکا بەنیازی هێرشی زیاتر نییە، ئەمەش بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنی گرژییەکانو دورکەوتنەوە لەخزان بەرەو شەڕێکی تەواوو هەمەلایەنە لەناوچەکەدا.
هەروەک، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەسەڵاتی پێدراوە پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بکات، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ پاراستنی دەرچەیەکی بچوک بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتنێکی دیپلۆماسی کە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بەڕۆژنامەکەی وتوە، پەیوەندیی لەگەڵ تاران بەمەبەستی ڕونکردنەوەی ئەوەبوە، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گورزێکی سنوردارو تاکلایەنە بوە نەک سەرەتای هەڵمەتێک بەئامانجی ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران