سەرۆكایەتییەكانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان تاوتوێ كردو داوا دەكەن حكومەتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد لەوانەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا، سەرۆكایەتییەكان جەختیان كردۆتەوە كە هەر جۆرە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و ئاسمانەكەی و بەكارهێنانی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەتدەكەنەوە لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر پشتیوانیكردنی حكومەت بۆ گرتنەبەری رێكخاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەرییەكەی و گرتنبەری رێگای یاسایی لەبەردەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ رێگریی لە پێشێلكردنی سەروەری عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆكایەتییەكان ئیدانەی دەستدرێژییە ئاشكراكانیان بۆ سەر ئێران كردوە بەو پێیەی پێشێلكردنی یاساو نەریتە نێودەڵەوتییەكانە. هەروەها داواشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە دەستبەجێ جوڵە بكات بۆ راگرتنی جەنگ و كاركردن بۆ رێگریی لە فراوانبونی و پەنابردنە بەر گفتوگۆ و هێوركردنەوەی دۆخەكە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كە گرژییەكی مەترسیدارەو هەڕەشە لە ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان دەكات.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، سەرۆكایەتییەكانی عێراق تاوتوێی بابەتی دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان كردوەو داوایان كردوە حكومەتی هەرێم بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكە بەپێی دەستورو یاسا.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، سەرۆكایەتییەكان جەختیان لە پێویستی دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان كردوە.
هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا باسی چەند پرسێكی یاسایی و گرنگی پتەوكردنی سەروەریی یاسا كراوە لەگەڵ بەدواداچون بۆ رێكارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بۆ جێبەجێكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی.
فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە كۆبونەوەكەدا رونیكردۆتەوە كە لە كاتی جێبەجێكردنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتییەوە تاوەكو رۆژی 19ی حوزەیران، 26 هەزارو 914 كەس شمولی ئازادكردن دەكەن.
پرسێكی دیكەی كۆبونەوەكە، ئامادەكارییەكان بوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و تێیدا جەخت لە بەڕێوەچوین هةڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كراوە لەو وادەیەی كە بۆی دیاریكراوە.