ئەمریکا بۆ ئێران: هێرش کۆتایی هاتوە، مەبەستمان گۆڕینی ڕژێم نییە
  2025-06-22       808       

لە پێشهاتێکی بەرچاو لە دوای هەڵکشانی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد، کە واشنتن ئاگاداری تارانی كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ "بەنیازی گۆڕینی ڕژێم نییە" لەو وڵاتەدا.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی سی بی ئێس، حکومەتی ئەمریکا ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ تاران کردوە و ئاگاداری كردوه‌ته‌وه‌ کە ئەو هێرشە سەربازییەی کە لە دژی ئامانجە ئێرانییەکان ئەنجامی داوە، "هەمو ئەو شتانە بوە کە پلانی بۆ دانرابو"، واتا بەنیازی ئەوە نییە هیچ هێرشێکی نوێ ئەنجام بدات، هەروەها ئەمریکا "بەدوای گۆڕینی ڕژێمدا نییە" لە ئێران، ئەوەش هەوڵێکی ڕونە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندن و ڕێگریکردن لە خلیسکان بۆ شەڕێکی تەواو لە ناوچەکەدا.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە لەگەڵ ئێرانییەکان قسە بکات، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵدەدات ئەگەرێکی تەنک بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی دیپلۆماسی بپارێزێت کە بتوانێت ناوچەکە هێوربکاتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە، ئیدارەی ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا کردوە بۆ ئەوەی ڕونی بکاتەوە کە هێرشەکە ئۆپەراسیۆنێکی تاکلایەنەیە نەک سەرەتای شەڕێک کە ئامانجی گۆڕینی ڕژێمە، ئەو پەیوەندییە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەمریکا دێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج، ئەوەش دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر هێرشی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

سەرچاوە ئەمریکییەکان لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ترامپەوە پشتڕاستیان کردەوە کە ئامانجی هێرشی ئەمریکا بۆ "ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتر" بوە، نەک پاڵنانی بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکرا یان ڕوخاندنی ڕژێم لە تاران.
 
هەفتەی ڕابردو پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بەخۆیەوە بینی، ئیسرائیل ئەوەی بە "گەورەترین هێرش" لە ناو خاکی ئێراندا وەسفی کرد لە سەرەتای شەڕەوە دەستیپێکرد و شوێنە سەربازییەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا چەندین فەرماندەی سەربازی ئێرانی کوژران.

لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشتر پلانێکی ئیسرائیلی بۆ تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕەتکردبوەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ جددیەتی ئەو سیناریۆیانەی کە لە بازنەی بڕیاردانی ئیسرائیل و ئەمریکادا لەبەرچاو دەگیرێن.

سەرەڕای زیادبونی فشارەکانی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا "نایەوێت شەڕێکی تەواو بەرفراوان ئەنجام بدرێت"، بەڵام "درێغی ناکات لە پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×