وەزیری بەرگری ئەمریکا: کە ترەمپ قسەیەکی کرد، پێویستە جیهان بەجدی وەریبگرێت
  2025-06-22       718       

پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا هێرشێکی وردی بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران ئەنجامداو ئەنجامەکەی سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر بووە، ئەو دەڵێت "کە ترمپ قسەیەکی کرد، پێویستە جیهان بەجدی وەریبگرێت".

 

ئاوێنە: هێگسێت لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە "پلانی هێرشکردنە سەر ئێران چەند مانگێکی خایاند تا ئامادەکاری تەواوی بۆ بکرێت".

ناوبراو ستایشی سەرکردایەتی " بوێر و نایاب"ی ترەمپی کرد و وتی :پێویستە جیهان گوێبگرێت کاتێک قسە دەکات، قاسم سولەیمانی لەم بابەتە تێگەیشتووەو کاتێک بەڕێز ترامپ هۆشداریی ٦٠ ڕۆژەی بەئێران دا، دەبوو تاران بەجددی وەریبگرێت".

پیت هێگسێت وتی "هەر تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە وەڵامێکی توندی دەبێت و ئێران پێویستە بەجددی وەریبگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ترەمپ بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، ئێرانیش پێویستە هەمان ڕێگا بگرێتەبەر". 

هەروەها وتی "بڕیارێکی زیرەکمان دا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠١ەوە درێژترین ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی ٢ بووەو یەکەم بەکارهێنانی ١٤ بۆمبی قورسی سەنگەر شکێنەرە بە ناوی MAP لەئۆپەراسیۆنەکاندا.

هەروەها سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، ژەنەڕاڵ کین ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرو بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی بی ٢ و مووشەک کە لەژێردەریاییەکانەوە هەڵدراون ئەنجامدراوە، هەروەها گەورەترین ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی ٢ بووە لە مێژووی سوپای ئەمریکادا.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە سیستەمی ئاسمانی ئێران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا نەیتوانی فڕۆکەکانمان ببینێت‌و وتی "پلانی لێدانی ئێران تەنها بۆ چەند کەسێک لەپلاندانەرو جێبەجێکارەکان زانراو بووەو ئەرکەکەش تەواو بەنهێنیی ئەنجامدراوە".

ژەنەڕاڵ کین ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوەختە وڵاتانی ناوچەکە لەم ئۆپەراسیۆنە ئاگادار نەکراونەتەوە و دوای ئەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە دۆخێکی سەلامەتدا بوون، دەستبەجێ ئەو وڵاتانە و ئەندامانی کۆنگرێس ئاگادارکراونەتەوە.

ئەو وتی "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لاوازکردنی چەکی ئەتۆمی و ژێرخانی ئێران داڕێژرابوو، ئێمەش چەند شێوازێکمان بەکارهێنا بۆ فریوودانی ئێران لەکاتی هێرشەکەدا. فڕۆکە جەنگییەکانمان لەئاسمانی ئێراندا رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک نەبوونەوە.

وتیشی "ئۆپەراسیۆنی دژ بەئێران ئەرکێکی ئاڵۆزو مەترسیدار بوو، ئۆپەراسیۆنی بی-٢ دژی ئێران فراوانترین ئۆپراسیۆن بوو لەمێژووی ئێمەدا، هێزەکانمان لەئامادەباشییەکی بەرزدان و ئامادەی هەر وەڵامدانەوەیەکن لەلایەن ئێرانەوە یان بریکارەکانییەوە".

هەروەها ڕاگەیەندرا کە ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە دژی ئێران ئەنجام دراوە، ناوی "چەکوشی نیوەشەو"ی لێنراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×