بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان رای گەیاند، ئاوی بەنداوەكە بەجۆرێك دابەزیوە، لە 20 ساڵی رابردوودا بەم ئاستە پێشینەی نەبووە. "مەترسی لەسەر چوار ملیۆن هاووڵاتی لە پارێزگاكانی سلێمانی و كەركووك دروست كردووە".
ئاوێنە: بێ بارانی ئەمساڵ لێكەوتەكانی لەم مانگەوە بەتەواوی لەسەر سلێَمانی كەركووك دەركەوتن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە ئاوی بەنداوی دوكان بەتەواوی كەم بووەتەوە.
جگە لە بێبارانی، سەرچاوەكانی ئەو بەنداوەش لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لەلایەن ئێرانەوە گل دەدرێنەوە لێ ناگەڕێن بڕی پێویست ئاو بێتە هەرێمی كوردستانەوە.
كۆچەر جەمال تۆفیق بەڕێوبەری دەریاچەی دوكان راگەیاند: "ئێستە دەریاچەی دوكان نزیكەی یەك ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گل داوەتەوە، كەمی ئاو لە 20 ساڵی رابردوودا بەم ئاستە پێشینەی نەبووە،" واتە كەمترین ئاستی ئاوی گلدراوەیە لە دوو دەیەی رابردوودا.
لەبارەی هۆكارەكانی كەمی ئاستی ئاوی دوكان، بەڕێوەبەری بەنداوەكە دەڵێت: "گۆڕانی كەشوهەوا، كەمی بارانبارین و دروستكردنی بەنداوەكانی ئێران و گلدانەوەی ئاوەكە هۆكارن."
دەشڵێت: "ئەمساڵ تەنیا 220 ملیم باران داباریوەتە بەنداوی دوكان، لە كاتێكدا ساڵانی پێشوو بەشێوەیەكی مامناوەندی 600 ملیم باران دادەبارییە بەنداوەكەوە."
بە وتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە دابەزینی رێژەی ئاوی بەنداوی دوكان، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نزیكەی چوار ملیۆن هاووڵاتی هەیە لە پارێزگاكانی سلێمانی و كەركووك.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق لەناویشیدا هەرێمی كوردستان، لە ریزبەندی پێنج وڵاتی سەرەكیدایە كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە كە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما وشكەساڵی درێژخایەنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.