ئا: ئاوێنە
ڕۆژنامەی "جۆرەلیزم پۆست" بەپشتبەستن بەلێدوانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی هەوڵەکانی پشت پەردەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران و ڕۆن دێرمری وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل بۆ ڕازیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوە.
بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلیو ئەمریکییەکان بۆ ڕۆژنامەی "جۆرەلیزم پۆست"، لەوەتەی ئیسرائیل نزیکەی هەفتەو نیوێک لەمەوبەر دەستیکردووە بەهێرشکردنە سەر ئێران، نەتانیاهۆو ترەمپ ڕۆژانە پێکەوە قسەیان کردووە.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا سەرسام بوون بەسەرکەوتنەکانی ئیسرائیلو ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەگەر دەستکەوتەکانی ئیسرائیلو ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەی نەبوایە، سەرۆکی ئەمریکا تەنانەت بیری لەچوونە پاڵ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نەدەکردووە".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "جۆرەلیزم پۆست"، چوار ڕۆژ لەمەوبەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان نەتانیاهۆو سەرۆکی ئەمریکادا هەبووە، لەو ماوەیەدا ترەمپ ڕایگەیاندووە، بڕیارم داوە هێرش بکەم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتادا ترەمپ تەنها پلانی دانابوو دامەزراوەی پیتاندن لەفۆردۆ بۆردومان بکات. دواتر نەتانیاهۆو دێرمەر سەرکەوتوو بوون لەڕازیکردنی ترەمپ کە دامەزراوەی ئەسفەهانیش بکاتە ئامانج "بۆ تەواوکردنی کارەکە".
جگە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان نەتانیاهۆو ترەمپ، پێنجشەممەی ڕابردوو پەیوەندییەکی جیا لەنێوان جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانسو پیت هێگسێتی وەزیری بەرگریو بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەمەریکا لەگەڵ نەتانیاهۆو دێرمەرو ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریو لیوا ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئەنجامدراوەو گەیشتونەتە ئەوەی پێویستە ئەمەریکا لەئێران بدات.
رۆژنامەکە دەڵێت "هاوکاری تەواو لەنێوان ئیسرائیلو ئەمەریکا هەبووە سه بارەت بەهێرشەکەی ئەمریکا، ئیسرائیل زانیاری هەواڵگری بۆ ئەمەریکا دابینکردوەو به شداری کردووە، شەوی شەممە، ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ئەنجامداو کاربەدەستانی ئاگادار کردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. کۆبوونەوەکە چەند کاتژمێرێکی خایاند تا ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا دەستیپێکرد بەردەوام بوو".