رۆیتەرز: رەنگە لە دو رۆژی داهاتودا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا
  2025-06-23       158       

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، رەنگە لە دو رۆژی داهاتودا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوە بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

ئاوێنە: دو بەرپرسی ئەمریكی، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، رەنگە ئێران لەماوەی دو رۆژی داهاتودا هێرشی تۆڵەسەندنەوە بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.

بەرپرسە ئەمریكییەكان ئاماژەیان بەوەشداوە كە ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمریكا هێشتا هەوڵدەدات لە چوارچێوی چارەسەری دیپلۆماسیدا تاران دەستبەرداری هەر هێرشێك ببێت.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە ئەمریكا بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كرد، بەرپرسانی تاران هەڕەشەی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان لەدژی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە كرد.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا هۆشداریان دایە تاران لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشی وڵاتەكەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەدوای هێرشەكەی وڵاتەكەی وتی، هەر وەڵامێكی ئێران بۆ هێرشەكەیان روبەڕوی هێرشێكی زۆر بەهێزتری ئەمریكا دەبێتەوە.

سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكاش دوێنێ یەكشەممە، وتی، سوپاكەیان، پارێزگاریكردن لە هێزەكانی لە ناوچەكە بەهێزكردوە لەوانە لە عێراق و لە سوریا.

سوپای ئەمریكا نزیكەی 40 هەزار سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن كە بەشێكیان كارپێكەری بەرگریی ئاسمانی و فڕۆكەو كەشتی جەنگین.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەندێك لە فڕۆكەو كەشتییە جەنگییەكانی لە بنكەكانی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست گواستونەتەوە كە دەكرێت بكرێنە ئامانج و لەنێو ئەوانەشدا ژمارەیەك فڕۆكەی لە بنكەی ئاسمانی "عودەید" لە قەتەر گواستونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×