وتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە كە لە هێرشەكەی رۆژی شەممەی وڵاتەكەیدا، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەتەواوەتی لەناوبراوەو دەشڵێت، دڵنیایین ئەو شوێنانەی بۆردومانمان كردن، یۆرانیۆمی پێتێندراوی ئێرانیان تێدابوە.
ئاوێنە: كارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای وڵاتەكەی وتی، لە هێرشەكەی رۆژی شەممەی ئەمریكادا، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەتەواوەتی لەناوبراوە وەك ئەوەی پێشتر سەرۆك ترەمپ وتی.
وتیشی، ئیدارەی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی دۆخەكە لە ئێران.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس هەڵسەنگاندنی جیاواز بۆ قەبارەی زیانەكانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە هێرشەكەی ئەمریكادا دەكەن.
كارۆلین لیڤیت وتی"ئێمە دڵنیایین كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بەتەواوەتی لەناوبراون هەروەك ئەوەی سەرۆك ترەمپ لە گوتارەكەیدا بۆ گەلی ئەمریكا رۆژی شەممە رایگەیاند."
ئەو جەختیشی كردەوە "هەروەها ئێمە دڵنیاییەكی زۆرمان هەیە لەوەی كە ئەو شوێنانەی كرانە ئامانجی هێرشەكە، ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی تێدا هەڵگرتون. ئەگەر دڵنیا نەبوینایە لەوە سەرۆك ئەو هێرشەی ئەنجام نەدەدا. بۆیە ئەو هێرشە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناو بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكاو ئیسرائیلیش لەگەڵ ئەم بۆچونەدان."
لەبارەی هەڕەشەی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە ئەوەی كە ئایا بەر لە هێرشەكەی ئەمریكا، هاوڵاتیانی ئەمریكا سەلامەت تر نەبون تا ئێستا؟ وتەبێژی كۆشكی سپی وتی، گەلی ئەمریكا لەسایەی ئەم سەرۆكەداو هەروەها لەسایەی ئەم ئیدارەیەدا كە هەوڵی گەورەتری داوە بۆ پاراستنی نیشتمانەكەمان لەچاو هەر ئیدارەیەكی دیكەی ئەمریكا بەدرێژایی مێژو، بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
جەختیشی كردەوە"هێرشەكەی رۆژی شەممە نیشتمانەكەمانی زیاتر پارێزراو كردوە چونكە ئێرانی بێبەش كرد لە توانای دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، كە ئەوەش ئەو رژێمەیە هەڕەشەی مەرگ بۆ ئەمریكا و مەرگ بۆ ئیسرائیل دەكات و ئێستا چیتر خاوەنی ئەو توانایە نییە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی و هەڕەشەكردن لە جیهان. بۆیە ئێستا تەنیا ئەمریكا شوێنێكی پارێزراوتر نییە بەڵكو كۆی جیهان پارێزراوترە."
لەبارەی ئەو 40 هەزار سەربازە ئەمریكییەی كە لە ناوچەكەن، لیڤیت وتی"وەك ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا و سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا دوێنی وتویان، ئێمە هەمو رێكارێك دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزە سەربازییەكانمان لە ناوچەكە. ئەو هەنگاوانە بەر لە هێرشەكە وەرگیراون و بێگومان بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی دۆخەكە لەدوای هێرشەكەش."