رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی رایگه‌یاند، به‌رله هێرشه‌كه‌ی بۆسه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی عودەد كه هێزه‌كانی ئه‌مریكای تێدایه، ئێران هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی قه‌ته‌ر كردوەو ئاگاداری كردۆتەوە.
ئاوێنە: سێ به‌رپرسی ئێرانی به رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزیان وتوە "ئێران بۆ هێرشه‌كانی سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌مریكا له قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی قه‌ته‌ر هه‌ماهه‌نگی كردوه".
ئەو بەرپرسانە وتوشیانە"ئێران پێشوه‌خته حكومه‌تی قه‌ته‌ری له هێرشه‌كانی ئاگادار كردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین زیانی مرۆیی هه‌بێت".
بەرپرەسە ئێرانییەكان ئەوەشیان خستۆتەڕو "ئێران پێویستییه‌كی ڕه‌مزی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌بو، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌وڵیدا هێرشه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات كه رێگه به هه‌مو لایه‌نه‌كان بدات رێی ده‌ربازبونیان هه‌بێت و هێرشه‌كه‌یان به ستراتیژی هاوشێوه‌ی ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ی ساڵی 2020 وه‌سفكرد كاتێك ئێران هۆشداریی به عێراق دا پێش ئه‌وه‌ی به موشه‌كی بالیستی هێرش بكاته‌سه‌ر بنكه‌یه‌كی هێزه‌كانی ئه‌مریكی له عێراق دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هات كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا بۆ هێرشه‌كه‌ی رۆژی شەممەی ئه‌مریكا بۆسه‌ر وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی، هێزه چه‌كداره‌كانی ئێران شه‌ش موشه‌كیان ئاراسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی عودەید كرد كە ئێران بەگەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەكە ناوی دەبات.