"هەر پەرلەمان مابوو ئەویش بەبنەماڵەیی کرا"
  2025-10-29       3606       
پەرلەمانتار دەیەوێت ھاوسەرەکەی یان کوڕەکەی یان کەسە نزیکەکانی بچنە پەرلەمانەوەو وەک کۆمپانیا سەیری پەرلەمان دەکرێت

ئا: مەزهەر کەریم

 

چاودێرێکی کاروباری پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات کە "زۆرینەی ئەوانەی دەچنە پەرلەمان یان کوڕە مەسئولن یان کوڕە ئاغان یان کوڕە شەھیدن"، یاساناس‌و پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستان دەڵضێت "پێشتر رەخنەکان تەنھا لەپارتی بوو کە حیزبی بەبنەماڵی کردووە، بەڵام لەئێستادا نەک تەواویی حیزبەکانی کوردستان بەبنەماڵی کراون، بەڵکو کار بۆ ئەوەش دەکرێت پەرلەمانیش بە بنەماڵەیی بکرێت".

 

لەڕۆژانی رابردوودا، لێدوانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، رێواز فایەق دەربارەی ئەوەی کە "حەز دەکات کوڕەکەی ببێت بەپەرلەمانتار"، کاردانەوەیەکی فراوانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە، لەبەرئەوەی جگە لەوەی خۆی پەرلەمانتارو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە، هاوسەرەکەشی ئەندام پەرلەمانی کوردستان بووەو ئێستاش کاندیدە بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

خەلیل عوسمان، ئەندام پەرلەمانی پێشووی کوردستان‌و هاوسەری رێواز فایەق‌و کاندید بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ئەو خەڵکانەی وەھا دەبینن خۆم‌و ھاوسەرەکەم لەپەرلەمان بووین، ئەمەش بەبنەماڵەیی کردنی پەرلەمانە، ئەوە بۆچون‌و بینینی خۆیانە، بینینی ئێمە وەھایە کە بەم حیزبەوە ماندوو بووین‌و حیزب ھەڵیبژاردووین بۆ پەرلەمان، دەمەوێت ئەو راستیەش بڵێم ئەمجارەش داوایان لە دکتۆرە رێواز کردووە خۆیی کاندید بکات بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەڵام نەیکردەوە، دواجار داوایان لەمن کرد‌و من خۆم کاندید کرد بۆ پەرلەمانی عێراق".

خەلیل عوسمان ئاماژەی بەوە کرد کە لەخولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار بووەو لەگەڵ ھاوسەرەکەشی زۆر ھاوکاریی یەکتر بوون بۆ کاری پەرلەمانتاریی، ئەو وتی "ھەردووکمان کادێری حیزبین‌و بڕوانامەی بەرزمان ھەیە، ئەوەشی وەرمانگرتووە وەک پەرلەمانتاری ماف‌و ئیستحقاقی خۆمان بووە، کاندید بوونیش ئیمتیاز نیە، بەڵکو ئەرکە لەم دۆخە سەختەدا".

وتیشی "مووچەی خانەنشینی پەرلەمانم ھەیەو سەرقاڵی نووسینکەی پارێزەرییم‌و دۆخی داراییم زۆر باشە، بەڵام وەک ئەرکێک حیزبەکەم داوایان لێکردوومەتەوە بچمە پەرلەمانی عێراق، گوێش لەقسەی خەڵکی ناگرم، با هەر بۆ خۆیان بڵێن خۆی‌و ھاوسەرەکەی پەرلەمانتار بوون".

 

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئەوانەی چاودێرن بەسەر کاروباری پەرلەمانەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا پەرلەمانتاریی باویەتی‌و خەڵک هەڵپە بۆ پارەو مووچەو ئیمتیازە زۆرەکانی دەکەن.

 

سەروەر عەبدوڕەحمان سەرۆکی دامەزراوەی "پەی" بۆ پەروەردەو گەشەپێدان‌و چاودێری پەرلەمان، بەئاوێنەی وت "ئەگەر وەک ئەرک کاری پەرلەمانتاری ببینرێت زۆر ئاساییە کەسێک کە لێھاتوو بێت، دوو خوڵ، سێ خوڵ‌و زیاتریش پەرلەمانتار بێت، ئێمە ئەمە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا دەبینین، کە کۆنگرێسمان ھەیە دە خولە پەرلەمانتارە، بەڵام ئەم کەسە وەک وەزیفەیەک وەریگرتووەو کەسێکی بەتوانایە، شوێنەکە پێویستی پێیەتی، بەڵام گرفتی ئێمە لەم وڵاتەدا یئەوەیە وەزیفەی پەرلەمانتاری گۆڕاوە بۆ دەستکەوتی ماددی، بۆنموونە لەراپۆرتەکانماندا کە بڵاومانکردۆتەوە چەندین پەرلەمانتارمان ھەبووە لەماوەی خولێکی شەش مانگیدا قسەیەکی نەکردووە یان لەماوەی یەک ساڵدا قسەیەکی نەکردووە، لە ماوەی چوار ساڵدا سێ خولەک قسەی کردووەو لە لیژنەکانیشدا رۆڵی نەبووە".

سەرۆکی دامەزراوەی "پەی" جەغت لەوە دەکات کە "زۆرینەی ئەوانەی دەچنە پەرلەمان یان کوڕە مەسئولن یان کورە ئاغان یان کورە شەھیدن، کە تەنیا بۆ ئیمتیازەو بەس، مووچەیەکی زۆر وەردەگرێت، پەرلەمانتار ھەبووە شەش مانگ نەچووەتە پەرلەمان کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکردووە، یان پەرلەمانتارمان ھەبووە ژن بووە چوار ساڵ لەپەرلەمان بووە یەک قسەی نەکردووە، بەڵام ئێستا مێردەکەی بەربژێرە، ژن‌و مێرد ھەیە پیاوەکە پەرلەمانتارە ئەو تەواو دەبێت ژنەکەی دەباتە پەرلەمان، کوڕەکەی دەباتە پەرلەمان یان ئامۆزاو خزمەکەی، ئەمەش تەنیا بۆ ئەو ئیمتیازاتە زۆرە دەگەڕێتەوە لەپەرلەمان دەستیان دەکەوێت".

وتیشی "ھەر شتێک بەئاسان دەست بکەوێت‌و پارەی زۆری تێدا بێت، دەسەڵاتداران دەیانەوێت بۆ خۆیان بێت، بەنموونە بیرتان دێنمەوە سەردەمانێک گومرک باوی بوو، ھەرچی کوڕو کچ‌و ژن‌و براو خەزوری مەسئولین ھەبوون لەگومرگەکان دایاندەمەزراندن، سەردەمانێک بڕوانامە ھاتە پێش، ھەرچی کچ‌و کوڕی بەرپرس ھەبوو رۆشتن بۆ دەستخستنی بڕوانامە، ھەموویان بەقبوڵخاس وەرگیران بۆ ماستەرو دکتۆرا، تا زانکۆکانیان پێ وێران کرد، سەردەمانێکیش کردنەوەی قوتابخانەی ئەھلی پارەی تێدا بوو، بەرپرس‌و کچ‌و کوڕەکانیان دەستیان کرد بەکردنەوەی باخچەی ساوایانی ئەھلی‌و قوتابخانەی ئەھلی‌و زانکۆی ئەھلی، بەرپرس ھەبووە قوتابخانەیەکی بەدیاری بۆ ژنەکەی کردۆتەوە، ئەمەش لەسەر حسابی خەڵک، ئێستا پەرلەمانتاری باویەتی بۆ وەرگرتنی پارە".

 

بەشێک لەکاندیدەکانیش ئەوە رووندەکەنەوە کە کاری پەرلەمانتاریی عێراق‌ زۆر هەستیارە، کە جگە لەئیمتیازە زۆرەکانی، ھەندێک پڕۆژە یاسا ھەیە، وڵاتانی دراوسێ مەبەستیانە بەپارە تێپەڕێت.

 

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان‌و کاندید بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی خۆ کاندیدکرنەوەی بۆ پەرلەمانی عێراق، بەئاوێنەی وت "لەماوەکانی پێشوودا خوێندکاری زانکۆ بووم، زانکۆم بەجێھێشت بۆ کاری پەرلەمانتاریی، ھۆکارەکەشی ئەوەبوو تایبەتمەندیم ھەبوو لەگەشەپێدانی ئابوری، بڕوانامەی دکتۆراکەشم لەسەر حکومرانی دروست بەدەستھێناوە، ئەزموونم لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە، بۆیە لەڕووی مادییەوە پێویستم بەوە نەبووە ببمەوە پەرلەمانتار، بەڵام ئەزمون‌و تواناکەم تاکە ھۆکاربووە خۆم کاندید بکەمەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و بەئەرکێکی نەتەوەیم زانیوە".

لەبارەی ئەوەی کە خەریکە کاری پەرلەمانتاریی بەبنەماڵەیی دەکرێت‌و کەسانێک دەیانەوێت خۆیان‌و ھاوسەر یان کچ‌و کوڕیان ببنە پەرلەمانتار، جەودەت وتی "من قەت بیرم لەوە نەکردۆتەوە ھاوسەرەکەم یان کچ‌و کوڕەکەم ببنە پەرلەمانتار، چونکە پەرلەنتار پێویستی بە تواناو بەھرە ھەیە، کارێکی پیرۆزە، نابێت بەچاوی کەسابەت‌و پارە پەیداکردن سەیربکرێت، لەکاتێکدا لە ٩٠% ئەو کەسانەی دەچنە پەرلەمان بەچاوی پارە پەیدا کردن لەپارلەمانتاری دەڕوانن، ئەمەش ھەڵەیەکی گەورەیە".

وتیشی "پەرلەمانی عێراق‌و کاری پەرلەمانتاریی لەعێراق زۆر هەستیارە، ھەندێک پڕۆژە یاسا ھەیە وڵاتانی دراوسێ مەبەستیانە بەپارە تێپەڕێت‌و بەپارە پەرلەمانتاریان دەکڕی، وەک یاسای سنوورو دەریاو وشکانی، یان دۆسیەکانی نەزاھەو گەندەڵی کە مەسەلەی ملیاران دۆلارە یان چەندین شتی دیکە بۆیە پەرلەمانتاریی پێویستی بەکەسی شارەزا ھەیە، نەک بەبنەماڵە کردن‌و حزم خزمێنە".

 

بەشێک لەوانەی لەنزیکەوە ئاگاداری کاروباری سیاسی‌و ئاسایی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەک هەر حزبەکان بەبنەماڵەیی کراوە، بەڵکو خەریکە پەرلەمانیش بەبنەماڵەیی دەکرێت‌و بەهۆی مووچەو ئیمتیازە زۆرەکانیەوە هەموان چاویان تێبڕیوە.

 

پەیمان عیزەدین، یاساناس‌و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان  بەئاوێنەی وت "بەبنەماڵەیی کردنی پەرلەمانی کوردستان چاولێکەریی‌و بەرژوەندیی مادییە، پێشتر رەخنەکان تەنھا لەپارتی بوو کە حیزبی بەبنەماڵەیی کردووە، بەڵام لەئێستادا نەک تەواوی حیزبەکانی کوردستان بەبنەماڵەی کراوە بەعیلمانی‌و ئیسلامیشەوە، بەڵکو ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت پەرلەمانیش چی بەعێراق‌و لەکوردستان بەبنەماڵەی بکرێت، وەک ئەوەی دەبینرێت پەرلەمانتار دەیەوێت ھاوسەرەکەی یان کوڕەکەی یان کەسە نزیکەکانی بچنە پەرلەمانەوەو وەک کۆمپانیا سەیری پەرلەمان دەکرێت، کە بەرپرسیارێتیەکی کەم‌و ئیمتیازاتێکی زۆری ھەیە".

وتیشی "بەرپرسی حیزبەکان دەزانن کە ھیچ ئەرکێکی سیاسی‌و ئابوری‌و قانونی ناکەوێتە سەرشانی پەرلەمان، بۆیە دەیانەوێت بۆ ئەمەش کە من وەک کۆمپانیای حیزب دەیبینم، بەرپرسەکان پشکیان ھەبێت لەکۆمپانیای پەرلەمان، ئەمەش ھۆکاری حکومڕانی شکستخواردووی عێراق‌و کوردستانە، بۆ چارەسەرکرنی ئەمەش پێویستە سیستەمی حکومڕانی عێراق‌و کوردستان بگۆڕدرێت‌و رێگە لە بەبنەماڵەکردنی پەرلەمان بگیرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×