لیستەکان پرۆژەیان چیە بۆ پاراستنی خێزان لەپەرلەمانی عێراق؟
  2025-11-07       732       
خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە، ئایا حزبەکان پڕۆژەیان هەیە بۆ پاراستنی؟

ئا: شاھۆ ئەحمەد

 

زۆربەی حزب‌و لیستەکانی بەشداربووی ھەڵبژاردن زۆرترین ژنیان کاندید کردووە، بەوتەی خۆیان ھەموویان پرۆژەیان ھەیە بۆ پەرلەمانی عێراق تاکو لەو رێگەوە خزمەتی زیاتری ژن‌و خێزان بکەن.

 

پارتی: داوای قەرەبووکردنەوەی ژنانی قوربانی چەکی کیمیایی‌و ئەنفال دەکەین

کاندیدێکی پارتی لەبازنەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات ھەر کات ئێمە چوینە پەرلەمانی عێراق کار بەو پرۆژە‌و مادە یاسایی‌و دەستورانەی عێراق دەکەین کەلەبارەی مافی ئافرەت‌و خێزانەوە ھەیە، تەرزە محەمەد کاندیدی پارتی لەبازنەی سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق بەئاوێنەی وت "لەدەستوری عێراقدا مافی ھەموو ھاونیشتیمانیانی عێراق‌و ھەرێمی کوردستانی تێدا دەستبەرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تێدەکۆشین بۆ مافە ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگە، ئەگەرچی ئێمە ھەندێک مادەی دەستوریمان ھەیە لەبارەی مافەکانی ژنان لەوانە مادەی ١٣٢ کە باس لەزیندانیانی سیاسی دەکات لەماوەی رابردوو بەشێک لەو ئافرەتانەی زیندانی سیاسی بوون تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە یان قوربانی چەکی کیمیایی‌و ئەنفالن، ھەر بۆیە ئێمە داکۆکیکاری ھەموو ئەو ئافرەتە ماندوونەناس‌و خەباتگێرەین‌و دایکە شەھیدانەین کە قوربانی دەستی رژێمی بەعس بوون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان گرینگی تایبەتی بەھێنانە پێشەوەی ئافرەت داوە‌و کۆمەڵێک ئافرەتی پەروەردە کردووە لەکایەی سیاسی‌و رێکخراوەیی‌و پەرلەمانیدا، ھەروەھا پارتی بڕوای تەواوی بەماف‌و ئازادییەکانی ئافرەت ھەیە، ئەو وتی "بەڵام ئێمە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەژین ھێشتا نەگەیشتوین بەو ژینەگەیەی کەوا ئافرەت بەدەنگی خۆی بچێـتە پەرلەمان، ئەوەش بەمانای ئەوە نایە پیاوەکان لەژنەکان بەھێزتر بن، چونکە ژن‌و پیاو تەواوکەری یەکترین لەکۆمەڵگە، ئافرەتانی کورد ھیچیان لەئافرەتانی دونیا کەمتر نیە‌و ئەو توانایەیان ھەیە ببنە جێگای متمانەی خەڵک، بەڵام ھۆکارە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵایەتی‌و داب‌و نەریت زاڵتر دەبێت بەسەر ئەوەی کەوا ئافرەت نەتوانێت بەدەنگی خۆی بچێتە پەرلەمان، ھەر بۆیە دانانی کۆتا بۆ ئافرەت مانای لاوازی ئافرەت نیە، نەک لێرە لەھەموو دونیا کۆتا ھەیە ".

 

یەکێتتی: داوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەکەین

فێنک حاجی مەلا، بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توند‌ونیژی دژی ژنان‌و کاندیدی یەکێتی لەبازنەی ھەولێر ئەوەی خستەروو کەوا یەکێتی لەسەرەتای دروست بوونەیەوە لەسەر دەستی ئەو گەنجانە بوون کە ژنی بەھێزیان لەپشت بووە بەو مانایەی لەسەرەتای دەستپێکی شۆرشەوە ژنان ڕۆڵی خۆیان ھەبووە، ئەو بەئاوێنەی وت " لەدوای پڕۆسەی ئەنفال رێکخراوێک بەناوی یەکێتی ژنانی کوردستان دروست بووە کە کار دەکات بۆ ئەو ژنانەی لەرووی کۆمەڵایەتیەوە کێشەیان ھەبوە‌و چاودێری خێزانە شەھیدەکانیان کردووە، ھەروەھا لەدوای ڕاپەرینش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گرینگی زۆری بەژنان داوە بەوەی یەکەم ژنی وەزیر لەیەکێتی بووە، ھەروەھا لەئێستاشدا لەمەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی یەکێتی ژن بوونی ھەیە، لەحکومەت‌و کاری پەرلەمانی ژن بوونی ھەیە، ھەر بۆیە لەو ھەڵبژاردنەش یەکێتی زۆرترین ژنی کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی عێراق ".

لەبارەی پڕۆژەی ئەوان بۆ ژن‌و خێزان کاندیدەکەی یەکێتی تیشکی خستەسەر ئەوەی کەوا ئەوان جێبەجێکار‌و تەواوکاری ئەو پڕۆژەیە دەبن کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەیەتی، ئەو وتی "لەھەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیمان ھەیە، بەڵام ئەو یاسایە لەبەغدا نیە، ھەروەھا لەپەرلەمانی عێراق لەساڵی ٢٠١٧ەوە کار لەسەر ئەوە دەکرێت یاسای باری کەسیەتی ١٨٨ دەستکاری بکرێت کە باس لەوە دەکات کچ لەنۆ ساڵی شوو بکات‌و کوڕ لەیانزدە ساڵی ژن بھێنێت، ئەگەر ئێمە متمانەی ھاوڵاتیان بەدەستبھێنین، خۆم لەگەڵ ھەڤاڵانم ھەوڵ دەدەین ئەو یاسایە دەستکاری بکەینەوە بەشێوەیەک لەخزمەتی پاراستنی ژنان‌و خێزان بێت".

 

یەکگرتوو: کاری باشتر دەکەین بۆ ئافرەتان

قەدریە سەعید، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبازنەی سلێمانی لەبارەی بەشداری ژن لەکایەی سیاسی‌و پەرلەمان ئاماژە بەوە دەکات کەوا خودی یاساکە کە بەکۆتا ئافرەت بچێتە پەرلەمان بەڵگەیە لەسەرئەوەی گرینگە ژنان بەشداری بکات لەکایە سیاسیەکان بەتایبەت پەرلەمان کەشوێنی بریاردان‌و ھەستیار‌و کاریگەرە، بەتایبەت لەو بڕیارانەی تایبەتە بەکێشەکانی ژنان‌و خێزان‌و منداڵ، ئەو بەئاوێنەی وت "یەکگرتوو لەناوخۆی خۆی کاتێک کۆنگرە بەستراوە خوشکمان چۆتە سەرکردایەتی‌و مەکتەبی سیاسی، ھەروەھا لەھەموو خولەکانی کۆنگرە خوشکمان بەشداری کردووە، ئەگەر بەدەنگی خۆشی نەبێت ئەوەی بەرێژەی کۆتا لەھەموو ئۆرگانەکانی حزب بەشداری سیاسی کردووە‌و پۆستی پێدراوە".

سەبارەت بەپڕۆژەی یەکگرتوو بۆ ژن‌و خێزان لەپەرلەمانی عێراق قەدریە سەعید جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا "ئەگەر لەناو حزب گرنگی بەئافرەت بدەین، بەدڵنیایەوە لەشوێنێکی ئەوا گرینگی وەکو پەرلەمانی عێراق پڕۆژەو کاری باشتر دەکەین بۆ ئافرەتان".

 

کۆمەڵ: کار بۆ پاراستنی خێزان‌‌و دژایاتی  لادانی خێزان دەکەین

چنار جەلال کوخە، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەبازنەی ھەولێر لەبارەی ھێنانە پێشەوەی ئافرەت ئەوەی بۆ ئاوێنە روونکردەوە کەوا لەلای کۆمەڵی دادگەری خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە، لەپڕۆژەی ئێمە بۆ پەرلەمانی عێراق گرنگی زۆرمانداوە بەپاراستنی خێزان‌و دژایەتی کردنی ھەموو ئەو ھۆکارانەی دەبنە لادانی خێزان، ھەروەھا ھەوڵیش دەدەین پێشینەی ھاوسەرگیری بۆ گەنجان دابین بکەین بۆ ئەوەی بتوانن ھاوسەرگیری بکەن، ئەو وتی "سیستەمی کۆتا شتێکی خراپ نیە‌و مافێکە بۆ ئافرەت، بەڵام من پێمباشە ئافرەت بەدەنگی خۆی بچێتە پەرلەمان، من داوا لەھەموو ئافرەتانی کوردستان دەکەم کەوا ئەگەر کاندیدێکی ئافرەتی لێھاتوو ھەبوو متمانەی پێبکەن بۆ ئەوەی ئەویش بەدەنگی خۆی دەربچێت‌و زیاتر متمانە بەخۆی بکات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کەوا "لەزۆربەی لیستەکانی کاندیدی ئافرەت ھەیە، ھەندێک جار ھێنانە پێشەوەی ئەو ئافرەتانە تەنھا بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ئەگینا ھیچ شارەزایی‌و لێھاتوویەکی تێدا بەدی ناکرێت، ئێمە لەکۆمەڵی دادگەری کۆمەڵێک ئافرەت کاندید کراوە کە شارەزایی باشی ھەیە لەیاسا‌و کاری پەرلەمانی‌و رێکخراوەیی".

 

هەڵوێست: هەوڵدەدەین رێژەی کۆتای ژنان زیاد بکرێت

نادیە زیاد کاندیدی ڕەوتی ھەڵوێست لەبازنەی ھەولێر بەئاوێنەی وت "ئەو رێژەیەی ئێستا بۆ ئافرەت دانراوە کەوا سەدا بیست‌و پێنچ لەپەرلەمانی عێراق پێویستە زیاد بکرێت‌و وەکو پیاو بچێتە پەرلەمان، ھەروەھا پێمباشە رێژەی کۆتا نەمینێت، لەبەرئەوەی ئافرەت رۆڵێکی فراوانی ھەیە لەگشت دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم ".

وتیشی "دید‌و بۆچوونی ئێمە بۆ ژن جیاوازە لەحزب‌و لیستەکانی تر، حزبی ئێمە رێزێکی تایبەت لەژن دەگرێت لای ئێمە ھەر لەدامەزراندنی حزبەوە ژن ئەندامێکی سەرەکی دەستەکەیە، ھەروەھا ژن وەکو دایک کاریگەری زۆری ھەیە بەسەر پەروەردە کردنی منداڵ‌و پاراستنی خێزان، ھەربۆیە لای ئێمە بەھایەکی پیرۆزی ھەیە‌و بەچاوی رێزو حورمەتەوە سەیری ئافرەت دەکەین".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×