دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا پێی ناوەتە قۆناغی دووەمەوە، دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
ئاوێنە: ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لە میانی دیدارێکی دووقۆڵیدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، ئەمیری قەتەر، لە پەراوێزی لوتکەی «گرووپی 7» گوتی: «ئەگەر ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بێت، ئەوا دۆزەخ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەبارێت.» هەروەها وتیشی کە مسۆگەرکردنی نەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، هۆکاری سەرەکیی واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە بووە.
ترەمپ هەروەها ڕوونی کردەوە کە بۆ ئەو زۆر گرنگە ئێران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: «ئێمە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەڵام هیچ پارەیەک لەوێ وەبەرهێنان ناکەین. ئەو دەنگۆیانەی دوێنێ بڵاوکرانەوە جێگەی پێکەنینن. ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەگەر من یان هەر کەسێکی تر بیەوێت، لەم پرسەدا دەستوەردان بکەین و هەنگاوی پێویست بنێین، بەڵام هیچ وەبەرهێنانێکمان لە ئێراندا نییە و هیچ پابەندبوونێکیشمان بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا لەئەستۆ نییە.»
هەروەها ڕۆڵی قەتەری لە نێوەندگیری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە بە گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند.
سەبارەت بە لوبنان
ترەمپ سەبارەت بە ڕەوشی لوبنان گوتی کە داوای لە بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە «بەرامبەر بە لوبنان بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات.»
سەرۆکی ئەمریکا سەرباری جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندییە زۆر باشەکانی لەگەڵ نەتانیاهۆ، ئاماژەی بەوەش کرد کە ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە هێرشەکەی دواییی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت بە بەرپرسانی ئیسرائیل گەیاندووە.
ترەمپ هەروەها ڕایگەیاند کە پێشنیاری کردووە سووریا لەبری ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا لەئەستۆ بگرێت.
ئەو گوتی: «ئەگەر ئیسرائیل ناتوانێت ئەرکەکەی خۆی لە لوبنان بەبێ کوشتنی کەسانی دیکە جێبەجێ بکات، ئەوا دەبێت سووریا ئەو کارە بکات.»