جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" هیچ بڕە پارەیەک لە سامانی خۆی بە ئێران نادات، ئەمەش تەنها چەند ڕۆژێک پێش واژۆکردنی فەرمی لێکتێگەیشتننامەی نێوان واشنتن و تاران دێت کە بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
ئاوێنە: لە لێدوانەکانیدا کە ڕۆژی سێشەممە داویەتی، ڤانس هەڕەشەی لە تاران کرد بە هێشتنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و سەربازی و مووشەکییەکانی بە وێرانکراوی و پەککەوتوویی ئەگەر بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە بەشداری لە دانوستانەکانی جنێڤ دەکات هەروەک چۆن بەشداری لە گفتوگۆکانی پاکستان کرد "بۆ ئەوەی نیازەکانی ئێرانییەکان و ڕادەی جددیبوونیان ڕوون ببێتەوە".
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێیان وایە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران پاداشت نییە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵکو هەنگاوێکی جددییە بۆ گەیشتن بە ئەنجام، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بە مەبەستی بەدەستهێنانی "ئەنجامی ئەرێنی بۆ گەلی ئەمریکا".
ڤانس زیاتر وتی: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە، جا ئێران پابەند بێت یان نا"، هۆشداریشیدا بە ئێرانییەکان کە هیچ شتێک بەدەست ناهێنن ئەگەر گۆڕانکارییەکی "ڕیشەیی" لە ڕەفتارەکانیاندا نەکەن.
ڕۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتننامەکە لەگەڵ ئێران بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ کراوە، و گەرووی هورمز "بە شێوەیەکی نیمچەیی" کراوەتەوە، وتیشی گەرووەکە ڕۆژی هەینی داهاتوو دوای ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ڤانس دواتر ڕایگەیاند کە لەوانەیە سەرۆک بڕیار بدات پێش ئەو وادەیە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات.