تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز" ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕێنماییە نوێکراوەکانی بۆ کەشتییەکان دەرکردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
ئاوێنە: هاوکات کۆمپانیای "ویندوارد" کە لە بواری زانیاری و شیکاریی هاتووچۆی دەریاییدا کاردەکات، ڕایگەیاند کە لانی کەم ٢٣ نەوتهەڵگری گەورە لە ناوچە جیاوازەکانەوە بەرەو بەندەرەکانی "خورفەکان" و "فوجەیرە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوتوون، بۆ ئەوەی پەیوەندی بکەن بە نزیکەی ٦٠ نەوتهەڵگر و زیاتر لە ٥٥٠ کەشتییەوە کە لە ناوچەکەدا چاوەڕێی کردنەوەی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانین.
ماڵپەڕی چاودێریکردنی هاتووچۆی دەریایی "تانکەر تراکەرز"یش ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە چەند نەوتهەڵگرێکی ئێرانی لە سنووری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران تێپەڕیون. ئەم هەنگاوەش پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامدراوە.
ئەم ماڵپەڕە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "لانی کەم دوو نەوتهەڵگری زۆر گەورەی سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران بە ناوەکانی 'دیۆنا' و 'هێرۆ ٢' لەو ناوچەیەی کە گەمارۆی هێزی دەریایی ئەمریکای تێدا سەپێنرابوو تێپەڕیون و لە کۆی گشتیدا ٣.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە."
ئەم دامەزراوەیە لە درێژەدا هەواڵی تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرێکی دیکەی ئێرانیشی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی تانکەر تراکەرز، ئەمە بە یەکەمین هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەژمار دەکرێت.
نیگەرانی لە مینە دەریاییەکان
سەرچاوەکان لە پیشەسازیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریاییدا ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزیش بکرێت، دڵنیابوون لە پاککردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە لە مینە دەریاییەکان، ڕەنگە گەڕانەوەی تەواوەتی چالاکییەکانی گواستنەوەی دەریایی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، بۆ چەند هەفتەیەک دوابخات.
بەپێی هەڵسەنگاندنی پێنج سەرچاوەی ئاسایشی دەریایی ڕۆژئاوایی، ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین بە بەکارهێنانی کەشتییە باوەکانی مین هەڵگرەوە و ژێردەریاییە بێ سەرنشینە پێشکەوتووەکان، ڕەنگە لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ڕۆژ بخایەنێت. تەنها لە دوای ئەوە، کۆمپانیاکانی دڵنیایی، کەشتیوانی و نەوت متمانەی پێویست بەدەست دەهێنن بۆ ئەوەی دووبارە بە ناوچەکەدا تێپەڕ ببن.
هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی
مەجید تەخت ڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا گەمارۆ دەریاییە دوو مانگییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم هەنگاوەش پێش واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنی هەردوو وڵات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە.
ناوبراو لە لێدوانێکدا کە لە ڕاگەیاندنەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە، وتی: "هەڵگرتنی گەمارۆکە هەر لە سەرەتاوە یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانمان. ئێستا ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە و گەمارۆکە پێش واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە هەڵگیراوە."
هاوکات میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە دوای ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی نێوان تاران و واشنتن، چەند کەشتییەکی ئێرانی لەو ناوچەی قەدەغەکراوە دەریاییە تێپەڕیون کە ئەمریکا لە دەریای عومان سەپاندبووی.
هاندەرە ئابوورییەکان بۆ ئێران
بەپێی ڕەشنووسی ئەو ڕێککەوتنەی کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ بکرێت، کۆمەڵێک هاندەری ئابووری و دارایی بەرفراوان بۆ تاران لەبەرچاو گیراوە. ئەم هاندانانە بریتین لە مۆڵەتدان بە فرۆشتنی دەستبەجێی نەوت و سووتەمەنی، بەرنامەیەک بۆ دابینکردنی دارایی و پەرەپێدان بە بەهای لانی کەم ٣٠٠ ملیار دۆلار، و هەروەها ئازادکردنی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە داهاتوودا.
لە بەرامبەریشدا، پێویستە ئێران پابەندبوونەکانی خۆی لە بواری بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا جێبەجێ بکات و مسۆگەریی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بدات.
بڕیارە ڕۆژی هەینی هەردوو وڵات لە سویسرا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکەن. ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە سەرەتای خولێکی ٦٠ ڕۆژەی دانوستانەکان کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و سەپاندنی سنووردارکردنی نوێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.