ترەمپ لەمیانی لوتکەی گروپی حەوتدا قسەی لەگەڵ میدیاکان کردو تیشکی خستە سەر دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانو وتی "کەس بەتەواوی نازانێت ڕێککەوتنی ئێران چییە، بەڵام زۆر بەهێزە".
ئاوێنە: ترەمپ ئەمڕۆ لەمیانی لوتکەی گروپی حەوتدا بۆچوونی خۆی دووپات کردەوە کە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران "زۆر بەهێزە"و وتیشی "کەس بە تەواوی نازانێت چییە، بەڵام زۆر بەهێزە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی بەڕاستی ڕازین بازاڕەکانن، وتی گەرووی هورمز لە ماوەی "یەک یان دوو ڕۆژی داهاتوودا" بە تەواوی کراوە دەبێت.
ترەمپ جەغتی لەوەش کرد کە "ئەمریکا وەبەرهێنان لە ئێران ناکات، بەڵام 'کێشە نییە' ئەگەر وڵاتانی کەنداو بڕیاری ئەو کارە بدەن"
ترەمپ وتی "ئەو هەواڵانەی باس لە ڕێککەوتننامەی ئەمریکا و ئێران لەخۆدەگرێت بۆ پێدانی 300 ملیار دۆلار لە سندوقی ئاوەدانکردنەوە بۆ ئێران، درۆیە".
وتیشی "ئێمە سەنت خەرج ناکەین، ئێمە وەبەرهێنان ناکەین و هیچ سندوقێکمان بۆ ئەو کارەش نییە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە وڵاتانی کەنداو ناکات وەبەرهێنان لە ئێران بکەن، بەڵام "ئەگەر وەبەرهێنان بکەن، هیچ کێشەیەک نییە".
دۆناڵد ترەمپ وتیشی: ئەگەر ئەوان بە باشی ڕەفتار نەکەن، جارێکی دیکە دەست دەکەینەوە بەبۆردومان کردنیان.
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا رێککەوتنەکەیان "کۆتاییە"، ترەمپ لەوەڵامدا وتی "نەخێر، کۆتایی نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە، ئەگەر حەزم لێی نەبێت، جارێکی دیکە دەست دەکەینەوە بەبۆردومانکردنیان، بۆمب بەسەر سەریاندا دەخەینە خوارەوە".
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆبامای سەرۆکی پێش خۆی بە "بەرتیل" بەخشین بەئێران لە کاتی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥و بە ناردنی فڕۆکەیەکی پڕ لە پارە بۆ تاران تۆمەتبار کرد.
ترەمپ لە فەرەنسا لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوتدا لە فەرەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئەو ڕێککەوتنەی JCPOA کە ئۆباما کردوویەتی: 1.7 ملیار دۆلاری کاش، گرینباکی بانکەکانی ڕادەستی ئێران کرد، خستیانە سەر فڕۆکەی بۆینگ 757 و فڕی بۆ ئێران. ئەوان لەبەردەم فڕۆکەکە وەستان - وێنەی ئەوم هەیە - و گوتیان 'ئەی خوایە گیان، سەیری ئەم پارەیە بکەن کە پێمان دەدات. ئۆباما هەوڵیدا بە بەرتیل ڕزگاری بێت. من هەوڵم نەدا ئەوە بکەم... دەزانی ئێرانییەکان چییان کردووە؟ پێکەنینیان بەئۆباما هاتووەو وتیانە زۆر گەمژەیە".