ترەمپ لە کۆتا لێدوانی سەرکردایەتی (G7) بەرگری لە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران کرد
  2026-06-17       139       
ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ لە سەرکردایەتی گرووپی حەوت (G7) لە فەڕەنسا

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات کە بەرگری لە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ تاران دەکات، هەروەها لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە دەشڵێت "ئەوان دەبێت تاڕادەیەک ئەو توانایەیان هەبێت، چونکە ئەوانی دیکەش هەیانە، بەڵام بەرپرسەکان لەگەڵم نیین".

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7)، بەرگری لە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاند کە ناکرێت بە تاران بوترێت "مووشەکی نەبێت".

وتیشی "ئێمە لە پاڵ ئەم ڕێککەوتنەدا، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو لەسەر ڕێڕەوێکی هاوتەریب کار دەکەین بۆ ئەوەی بپەرژێینە سەر پرسە نائەتۆمییەکان، لەوانە مووشەکە بالیستییە باوەکان و هەروەها پرسی پاڵپشتییەکان".

سەبارەت بە کۆگای مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش، ترەمپ دەڵێت "ئەوان دەبێت تاڕادەیەک ئەو توانایەیان هەبێت، چونکە ئەوانی دیکەش هەیانە؛ دواجار دەبێت بڕێکی کەمت لەو توانایە هەبێت".

سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە ڕای هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتەکەی کە پێیان وایە؛ نابێت ئێران تەنانەت یەک مووشەکیشی هەبێت، ڕایگەیاند: "پێم وانییە لەم بارەیەوە قسەکانیان ژیرانە بێت".

لەوبارەیەوە ئەو زیاتری وت "بەرپرسان دەڵێن؛ نابێت ڕێگە بدەن تاران هیچ مووشەکێکیان هەبێت، منیش وتم؛ باشە، بڕیارە چی بکەم؟ سعودییە ڕێگەی پێ بدرێت مووشەکی هەبێت، بەڵام ئەوان (ئێران) نەیانبێت؟ دەڵێن؛ بەڵێ گەورەم. بەڵام جیهان بەم شێوەیە کار ناکات".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە سەرۆکی "هەموو" وڵاتان لە ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران "دڵخۆشن".

پەیوەست بەوەوە زیاتری رونکردەوە "تەنانەت یەک وڵاتیش نەهاتە لای ئێمە بڵێت؛ تکایە گەورەم، بەردەوام بن لە بۆردومانکردنیان. تکایە بەردەوام بن لە خستنەخوارەوەی بۆمب بەسەریاندا. تەنیا مرۆڤە گەمژەکان قسەی وا دەکەن".

ترەمپ سەبارەت بە پرۆسەی شەڕ و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران وتی "ئەگەر ئەم ڕێککەوتنەمان نەکردایە، دەمانتوانی دوو، سێ، چوار هەفتەی دیکە یان تەنانەت دوو ساڵی دیکەش بەردەوام بین لە بۆردومان، لەو حاڵەتەدا هەرگیز گەرووی هورمز نەدەکرایەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×