لە هەنگاوێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە دورەوە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە دەبێتە نەخشەڕێگایەک بۆ ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
وردەکاریی خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بەمشێوەیەیە:
خاڵی یەکەم: بەپێی ئەم یاداشتنامەیە، ئەمریکا، ئێران و هاوپەیمانەکانیان ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ، بەتایبەت لە لوبنان، ڕادەگەیەنن. لایەنەکان پابەند دەبن بە خۆبەدورگرتن لە هەر جۆرە هێرش و هەڕەشەیەکی سەربازی دژی یەکتر، لەگەڵ پاراستن و گەرەنتیکردنی یەکپارچەیی خاکی لوبنان. ڕێککەوتنی کۆتاییش ئەم وەستانە هەمیشەییە پشتڕاست دەکاتەوە.
خاڵی دوەم: هەردو وڵات پابەندبونی خۆیان دەردەبڕن بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتریدا.
خاڵی سێیەم: لایەنەکان ڕێککەوتون لەسەر بەردەوامیدان بە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا، کە ئەو ماوەیەش بە ڕەزامەندیی هەردولا دەتوانرێت درێژ بکرێتەوە.
خاڵی چوارەم: لەگەڵ چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەیە، ئەمریکا دەست دەکات بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و ئاستەنگەکانی دیکەی سەر ئێران و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بەتەواوی کۆتاییان پێدەهێنێت، بە جۆرێک قەبارەی بازرگانی و هاتوچۆی کەشتییەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ. هەروەها ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.
خاڵی پێنجەم: ئێران بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ بۆ دڵنیاییدان لە تێپەڕبونی سەلامەت و بێبەرامبەری کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای عومان و پێچەوانەکەی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ. پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات و پاککردنەوەی مین و ئاستەنگە تەکنیکییەکان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێت. هاوکات، ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و سوڵتانییەتی عومان دەکات بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی گەروی هورمز لە داهاتودا.
خاڵی شەشەم: بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەمریکا کاردەکات لەسەر داڕشتنی پلانێکی سندوقی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوری بۆ ئێران بە بڕی لانیکەم ٣٠٠ ملیار دۆلار، کە میکانیزمەکەی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی یەکلایی دەکرێتەوە و ئەمریکاش مۆڵەتی پێویست بۆ مامەڵە داراییەکان دەدات.
خاڵی حەوتەم: ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران، لەوانە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و سزاکانی خودی ئەمریکا بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتولەسەر. هەردولاش هەوڵی چارەسەری خێرای ئەم پرسانە دەدەن بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن.
خاڵی هەشتەم: ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات. هەردولا لەسەر چۆنیەتی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کەڵەکەبو بەپێی میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتون، و دانوستان لەسەر پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا جێگیر بکرێت.
خاڵی نۆیەم: تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، دۆخی ئێستا وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ واتە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەم ئاستەی ئێستایدا دەهێڵێتەوە و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی سەربازیی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
خاڵی دەیەم: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ و تا کاتی هەڵگرتنی یەکجاریی سزاکان، مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی وەک بانکی، بیمە و گواستنەوە بۆ ئێران دەردەکات.
خاڵی یازدەیەم: ئەمریکا گەرەنتیی ئازادکردنی سەرجەم سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران دەکات. پارەکان بۆ مەبەستەکانی بانکی ناوەندیی ئێران بەردەست دەبن و ئەمریکاش مۆڵەت و ئاسانکاریی تەواو بۆ ئەم پرۆسەیە دەکات.
خاڵی دوانزەیەم: میکانیزمێکی چاودێریی هاوبەش دادەمەزرێت بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەیە و پابەندبونی داهاتو بە ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.
خاڵی سیانزەیەم: پاش جێبەجێکردنی خاڵەکانی (١، ٤، ٥، ١٠، ١١)ی ئەم یاداشتنامەیە بەشێوەیەکی بەردەوام، هەردولا دەست بە دانوستان دەکەن لەسەر بڕگەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
خاڵی چواردەیەم: ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سوزی وێڵز، سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی، زانیاریی لەسەر ئەو دانوستانانە خستەڕو کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا لە نێوان شاندەکانی هەردو وڵات بەڕێوەبچێت و ڕایگەیاند: "لە ٦٠ ڕۆژی داهاتودا ڕوبەڕوی ئاڵەنگاریی گەورە دەبینەوە."
وێڵز ئاماژەی بە تواناکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی: "ڕوداوێکی بەڕاستی سەرنجڕاکێش بو، بەتایبەت دوای ئەوەی خشتەی کارەکانی پڕبو لە کۆبونەوەی دولایەنە و دانیشتنی جۆراوجۆر، کەس لەو زیاتر کار ناکات."
سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی ئاشکراشیکرد کە دۆناڵد ترەمپ لەکاتی نانخواردنی ئێوارەدا، یاداشتنامەکەی لەگەڵ ئێرانییەکان واژۆ کردوە. وێڵز وێنەیەکی ساتی واژۆکردنەکەی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: "چێژ لەم وێنەیە وەربگرن کە سەرۆک ترەمپ لەنێو گوڵەکاندا واژۆ لەسەر بەڵگەنامەکە دەکات." لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە کارکردن لەسەر وردەکارییەکان لە ٦٠ ڕۆژی داهاتودا قورس دەبێت، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە بۆ ئەمریکا و تەواوی جیهان.