سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران
  2026-06-18       134       

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتێکی لەسەر دەستبەسەرکردنی چڕی هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بێئاگان لە دۆخی ڕۆڵەکانیان.

ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژە بە فراوانبوونی هەڵمەتەکانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، لەم دواییانەدا سێ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکیان بە ناوی موستەفا پیرۆتی تەمەن ٥١ ساڵ (کە خەڵکی پیرانشارە و دانیشتووی مەهابادە) لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ناوبراو بەبێ نواندنی مۆڵەتی یاسایی و بە شێوازێکی توندوتیژ بەڕێوەچووە. هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنی، پشکنینیان بۆ ماڵەکەشی کردووە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە، پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە باسی لە دەستبەسەرکردنی چالاکوانێکی شاری بۆکان کردووە بە ناوی عەلی شوکری، کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

هاوڕێک لەگەڵ ئەمەشدا، لە شاری سەقز هاووڵاتییەک بە ناوی ئەشکان ئابخۆ لە شوێنی کارەکەی خۆیدا کە سەرتاشخانەیەکە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە هەمان شێوە و بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە. بەپێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ، هەر یەکە لە عەلی شوکری و ئەشکان ئابخۆ دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەم سێ هاووڵاتییە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕوونکردەوەی داوە کە بنەماڵەکانیان چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی پێوەندیداریان کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنیان، ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، یان شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئێستایان بەدەست بهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×