وه‌زیری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل له كاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر به كوژرانی چوار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی، ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزماندا بۆ ئه‌مریكییه‌كان، ده‌بێت ته‌واوی لوبنان بسوتێندرێت.
ئاوێنه: ئیتامار بن گڤیر، وه‌زیری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له پۆستێكدا له سه‌كۆی ئێكس كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به كوژرانی چوار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له باشوری لوبنان نیشاندا.
ئیتامار بن گڤیر وتویه‌تی"له‌گەڵ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزماندا بۆ ئەمریکییەکان، ئیسرائیل دەبێت بۆ هەمو جیهانی ڕون بکاتەوە کە خوێنی ڕۆڵەکانمان و ئاسایشی هاوڵاتیانمان گاڵته نییه. پێویستە تەواوی لوبنان بسوتێندرێت. باڵاترین ئەرکی ئێمە پاراستنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل و سەربازانی سوپای ئیسرائیله، ئەم ئه‌ركه‌ش پێش هەر بەرژەوەندی و ڕەچاوکردنێکی تر دێت."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "تەنانەت لە کۆبونەوەکانماندا بە سەرۆک وەزیرانم وت: بەرامبەر هەر فرمێسکێك كه دایكێكی ئیسرائیلی ده‌یڕێژێت، دەبێت هەزار دایکی لوبنانی فرمێسک بڕژن."
وه‌زیری ئیسرائیلییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه "ئیتر یاریپێكردنی كاتكوشتن به‌سه. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سه‌ركه‌وتن بە وەڵامی پێوراو و دانبەخۆداگرتن بەدەست نایەت؛ لێرە دەبێت شێتانە ڕەفتار بکەیت، بسڕیتەوە و تیرۆر بەتەواوی تێکبشکێنیت."
له شه‌وی رابردوه‌وه سوپای ئیسرائیل هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باشوری لوبنان چڕكردۆته‌وه، له‌كاتێكدا كه بڕگه‌ی یه‌كه‌می لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مریكا باس له ده‌ستبه‌جێ كۆتاییهێنان به شه‌ڕ ده‌كات له سه‌رجه‌م به‌ره‌كان له‌نێویشیاندا لوبنان.
ناكۆكییه‌كان له‌نێوان ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌سه‌ر راگرتنی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر حزبوڵا له باشوری لوبنان په‌ره‌یانسه‌ندوه. به‌پێی میدیاكانی ئێران و به‌شێك له میدیاكانی ئه‌مریكاش، هۆكاری دواخستنی دانوستانه‌كانی ئه‌مڕۆی نێوان ئه‌مریكاو ئێران له سویسرا به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیله بۆ سه‌ر لوبنان.
دوێنێ پێنجشه‌ممه، جه‌ی دی ڤانس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، دۆناڵد تره‌مپ، ته‌نیا سه‌رۆك وڵاته له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كه له‌م قۆناغه‌دا هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ ئیسرائیل نیشانداوه كه سه‌رۆكی به‌هێزترین وڵاتی جیهانیشه. ئه‌و وتی، ئه‌گه‌ر من ئه‌ندامی كابینه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیل بومایه، ره‌نگ بو له لێدوانه‌كانماندا هێرشم نه‌كردایه‌ته سه‌ر تاكه هاوپه‌یمانی به‌هێزی ئیسرائیل كه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ته‌نیا ئه‌وم بۆ ماوه‌ته‌وه.
ئیتامار بن گڤیر، وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل پێشتر له كاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌و قسانه‌ی ڤانس، وتی، هه‌ر كه‌سێك پشتیوانی له ئێمه بكات، خۆی سودمه‌ند ده‌بێت و هه‌ر كه‌سێكیش پشتمان تێبكات، زیان ده‌كات، بۆیه باشتره هه‌ڕه‌شه‌مان لێ نه‌كه‌ن.
سوپای ئیسرائیل جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باشوری لوبنان و پێشتریش بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل جه‌ختی له‌وه كردبوه‌وه كه تا ئه‌و كاته‌ی ئاسایشی ئیسرائیل پێویستی بێت، هێرشه‌كانیان له لوبنان به‌رده‌وام ده‌بن.