ئیسرائیل و حزبوڵڵا ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی تەقەکردن لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بەکاتی ناوخۆ، بەڵام هێرشە ئاستەمانییەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون، ئەمەش دوای کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری لوبناندا هات.
ئاوێنە: ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردەوە کە هەردوولا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتوون و ڕایگەیاند: "زانیمان کە دوای تەقەکردنی یەکتری لە سەرەتای ئەمڕۆدا، ئیسرائیل و حزبوڵڵا چوونەتە ناو ئاگربەستەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانکارانی ئەمریکی و قەتەری بە هاوکاری ئێران نێوەندگیرییان لە ڕێککەوتنەکەدا کردووە.
لای خۆشیەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل و حزبوڵڵا بە نێوەندگیری ئەمریکا و قەتەر و دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران، لەسەر ئاگربەستەکە ڕێککەوتوون. ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر نوێکردنەوەی ئاگربەست لە لوبنان، ئەمەش دوای ئەوەی شەڕی بەردەوام لە باشووری لوبنان بووە هۆی دواخستنی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا کە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە سویسرا ئەنجام بدرێن.
لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی 13ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە گواستییەوە: "ئێمە ئێستا لە دۆخی ئاگربەستداین، ئەگەر حزبوڵڵا هێرشمان نەکاتە سەر، ئەوا لە لایەن ئێمەوە کاتی شەڕ نییە." بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە و گوتی: "ئازادی جووڵەمان هەیە لە دژی هەڕەشەکان."
هەروەها کەناڵی 12 لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاند کە ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنیدا دەمێننەوە و ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر، وەڵام دەدەنەوە.
"هیچ ڕێنماییەکی نوێ نییە"
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای ئەم هەواڵانە سازکرا، ئیفی دفیرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێنماییەکانی ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەگۆڕدراون و هیچ بەربەستێک لەبەردەم نەهێشتنی هەڕەشەکاندا نییە، بەپێی دەربڕینی ئەو.
وتەبێژەکە گوتیشی: "حزبوڵڵا شەڕ لە دژی هێزەکانمان دەکات و ئاگربەستی پێشێل کردووە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر شتێک پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستەوە ببێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی. زانیاری زیاتریشی دا کە سوپای ئیسرائیل لە هێڵی پێشەوەی بەرگری کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە دانیشتووانی ئیسرائیل و باکوور، و جەختی لەسەر "بەردەوامبوون لەم کارە" کردەوە. ئاشکراشی کرد کە سوپای ئیسرائیل شەوی ڕابردوو و ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 100 ئامانجی حزبوڵڵا و دەیان چەکداری کوشتووە.
هێرشە ئاگرینەکان دوای "ئاگربەست"
دوای ئەو هەواڵانەی کە ئاماژەیان بە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەکرد، پەیامنێری جەزیرە ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوام بوون. ڕوونیکردەوە کە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل شارۆچکەی "نەبتیەی فەوقا"ی کردووەتە ئامانج، لە کاتێکدا تۆپبارانی دەریایی یان تۆپهاوێژەکان "جەبەل ڕەفیع"یان لە ئیقلیمی توفاح لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
هەروەها پەیامنێری جەزیرە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشێکی نوێی ئیسرائیل شاری نەبتیەی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ جۆرە تەقەکردنێک لە لایەن حزبوڵڵاوە نەبیستراوە. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەی ڕەیحانیشیان لە قەزای جەزین لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
لە پێشهاتێکی پێوەندیداردا، کەناڵی 12 لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە گواستییەوە کە ئاگربەستەکە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات بەردەوام بێت لە تێکدانی ژێرخانەکان و کارکردن لە دژی هەڕەشەکان، بەڵام ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە: "گەڕاینەوە بۆ ئاگربەست و دەستپێشخەری بۆ هێرش ناکەین."
کوژرانی سەربازانی ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە چوار سەرباز، لەنێویاندا فەرماندەیەکی فەوجی زرێپۆش، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری لوبناندا کوژراون، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای نەبتیە بووەتە هۆی کوژرانی 28 کەس و برینداربوونی 33 کەسی دیکە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی ڕوونی کردەوە، موقەدەم (دۆر گێدالیا بن سەمحۆن، 32 ساڵ)، فەرماندەی فەوجی 52 لە تیپی زرێپۆشی 401، لەگەڵ سێ سەربازی دیکەدا کوژراون، دوای ئەوەی تانکەکەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە باشووری لوبنان کراوەتە ئامانج.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تانکەکەی سەر بە فەوجی 52 لە چوارچێوەی هێزێکی شەڕکەردا کاری دەکرد کە لەلایەن "تیپی گفعاتی"یەوە لە دەوروبەری شارۆچکەی "کفرتبنیت" لە باشووری لوبنان سەرپەرشتی دەکرا، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تانکەکە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە لە ڕێگەی تەنێکی ئاسمانی گوماناوییەوە، کە هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە ئایا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بووە یان موشەکێکی ئاڕاستەکراو.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی شەوی ڕابردوو لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە "سەخت و ئاڵۆز" بوون، و بوونە هۆی کوژرانی چوار سەربازەکە. میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕووداوە ئەمنییەکە لە نزیک شارۆچکەی کفرتبنیت ڕوویداوە، و برینداربوونی 17 سەربازی لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا پێنج سەربازی هێزی نوخبە، هاوکات ئەفسەرێکی یەدەگ و چوار ئەفسەری سەرپۆل بریندار بوون، لە کاتێکدا دەستەی پەخشی ئیسرائیل (کانی) ڕایگەیاند کە ئەفسەرێکی باڵا لە فیرقەی 36 لە کاتی شەڕەکانی شەوی ڕابردوو لە باشووری لوبنان بریندار بووە.
بەرپەرچدانەوەی حزبوڵڵا
ئەمەش دوای ڕۆژێک دێت لە ڕاگەیاندنی حزبوڵڵا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزێکی ئیسرائیلی کە هەوڵیدابوو لە شارۆچکەی ئەرنوونەوە بەرەو دەوروبەری کفرتبنیت پێشڕەوی بکات.
حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەڕکەرانی لەگەڵ هێزە پێشڕەوەکەدا بە "چەکی گونجاو" ڕووبەڕوو بوونەتەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە "بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی و لە وەڵامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاگربەستەکە بووە." حزبوڵڵا پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە هەوڵەکانی پێشڕەوی هاوشێوەی ئیسرائیلی لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە دەوروبەری کفرتبنیت و ناوچەی عەلی تاهیر پووچەڵ کردووەتەوە و زیانی گیانی و ماددی بەسەر هێزەکانی ئیسرائیلدا هێناوە.
دوای هێرشەکە، حزبوڵڵا بەیاننامەیەکی دەرکرد و رایگەیاند، دوژمنی ئیسرائیلی هیچ ڕۆژێک پابەندی هیچ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست نەبووە، و بەردەوام بووە لە پێشێلکارییەکانی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تێکدانی ژێرخانی مەدەنی. ڕوونیشی کردەوە کە سوپای ئیسرائیل گوندە ئارامەکانی کردووەتە ئامانج دوای ئەوەی شەڕکەرانی حزبوڵڵا بەرپەرچی هەوڵەکانی بۆ پێشڕەویکردن بەرەو گردی عەلی تاهیر داوەتەوە.
جەختیشی کردەوە کە "بەرگری لە کەمیندایە بۆ هەر دەستدرێژییەک و بەرگری لە خاک و گەلی خۆی دەکات، و بە دەیان ئەفسەر و سەربازی دوژمن دەکوژێت و بریندار دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل لە 27ی تشرینی دووەمی 2024ەوە پابەندی هیچ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست نەبووە، تا دەگاتە ئەنجامی لێکتێگەیشتنی نوێی واشنتۆن و تاران.
هاندان و هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل
سەبارەت بە کوژرانی چوار سەربازەکە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای هێرشەکە ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی بۆ دۆخەکە لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا ئەنجامداوە. گوتیشی: "لێخۆشبوون بۆ هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان نابێت و وا دەکەین حزبوڵڵا باجێکی یەکجار قورس بدات."
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ئیسرائیل ئەم بەیانییە شاهیدی کاتێکی زۆر سەخت و بەئازار بوو."
ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند: "لە بەرامبەر هەر فرمێسکێکی دایکێکی ئیسرائیلیدا، دەبێت هەزار دایکی لوبنانی بگریت."
لای خۆشیەوە بتسالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل گوتی: "کاتی قسەکردنە بە ئاگر، و کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخە."
لە کاتێکدا ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگری ڕایگەیاند: "ئەگەر گەڕەکی زاحیەی بەیرووت وەک خۆی بمێنێتەوە دوای ئەم ڕووداوە سەختەی کە چوار لە سەرباز و ئەفسەرانی سوپای ئیسرائیلی تێدا کوژران، ئەوا شکستێکی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت و وەزیری سوپا دەبێت."
ماڵپەڕی واڵا لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ئێستادا کۆبوونەوەی چڕوپڕ ئەنجام دەدەن بۆ تاوتێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی حزبوڵڵا. دواتریش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێرشێکی کردووەتە سەر زیاتر لە 80 ئامانج لە باشووری لوبنان و کوژرانی دەیان چەکداری حزبوڵڵای لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پشتڕاستکردەوە.
لایەنی لوبنانی: قوربانییەکان و کۆچی دووبارە
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان، 31 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە پەرەسەندنێکدایە کە بە یەکێک لە توندترین پەرەسەندنەکان دادەنرێت لە دوای لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران کە دەقەکەی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لەسەرجەم بەرەکان، بە لوبنانیشەوە، بوو.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ماڵە ئاوەدانەکانی بە دانیشتووانەوە لە چەند گوندێکی باشووری وڵاتەکە کردە ئامانج. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە ئاسمانییە توندەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی 16 کەس لە پارێزگای نەبتیە، لەنێویاندا 8 کوژراو لە شارۆچکەی حاروف، 4 لە ناوچەی ئەشعەمیە لە نێوان شارۆچکەکانی شەڕقیە و دوێر، و 3 لە شارۆچکەی کفرسیر.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کەسێکی دیکە لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانی کە ماتۆڕسکیلێکی لە شارۆچکەی دوێر کردبووە ئامانج، کوژراوە. هەروەها کەسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە بەهۆی ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماتۆڕسکیلێکی لەسەر ڕێگای دێر زەهرانی/نەبتیە لە پارێزگای نەبتیە کردە ئامانج. لە کاتێکدا 7 کەس بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی قوتابخانەی پەروەردە و فێرکردن لە شارۆچکەی دوێر کوژران.
هێرشەکانی ئیسرائیل لە پارێزگای نەبتیە، شاری نەبتیە، شارۆچکەکانی کفرتبنیت، نەبتیەی فەوقا، بەرزاییەکانی ڕەیحان، ناوچەی کفرجوز، شارۆچکەکانی کفرمان، زەبدین، حەبوش، سجد، جەبەل ڕەفیع، جبشیت، قەسێبە و کفر دەجالی کردە ئامانج. وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 6 کەسی دیکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی عەین بۆردای لە قەزای بەعلبەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان ڕاگەیاند.
لەم نێوەندەدا، باشووری لوبنان ڕۆژی هەینی، دوای هێرشە ئاسمانییە توندەکانی ئیسرائیل، گەواهیدەری شەپۆلێکی چڕی کۆچکردنی هاووڵاتیان بوو لە قەزاکانی سوور و بنت جوبەیل بەرەو شارەکانی سەیدا و بەیرووت.
ئەم کۆچکردنە تەنها چەند ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی هەزاران لوبنانی بۆ گوند و شارۆچکەکانی باشوور دێت، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کە چەند بڕگەیەکی تێدابوو کە دەقەکەی لەسەر کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دەستەبەرکردنی سەلامەتی و سەروەری خاکەکانی لوبنان بوو. کۆچی نوێ ئەو شەپۆلە فراوانانەی کۆچکردنە زیندوو دەکاتەوە کە باشووری لوبنان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن لەگەڵ فراوانبوونی مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆردومانە هاوبەشەکان.