ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی پێگەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی هۆشداریدەری ئاراستەی سوپای ئیسرائیل کرد سەبارەت بە مانەوەیان لە خاکی لوبنان.
ئاوێنە: قائانی بۆ گەیاندنی پەیامەکەی، جیا لە زمانی فارسی، زمانەکانی (عەرەبی، عیبری و ئینگلیزی)یشی بەکارهێناوە و تێیدا هەڕەشەی دەرکردنی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات. لە بەشێکی پەیامەکەیدا هاتووە: "ئەگەر ئیسرائیلی داگیرکار بە پێیەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان نەکشێنەوە، ئەوا بە سەرشۆڕی و تێکشکان و بە شەق دەریان دەکەین." هەروەها هۆشداریشی داوە کە پێداگرییکردن لەسەر "شەڕانگێزی و داگیرکاری" دەرەنجامەکەی زەلیلی و شکست دەبێت بۆ ئیسرائیل.
ئەم لێدوانەی بەرپرسە باڵاکەی ئێران لە کاتێکدایە کە سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامن و بەردەوام بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا دەکەنە ئامانج. ئەم هێرشانەش زیانی گیانیی بەرچاویان لێکەوتووەتەوە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی لوبنان، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی لوبنانی بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، رۆژی یەکشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەکان، پرسی لوبنان و داواکاریی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە، یەکەمین و سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانی ئەم گەڕە بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پرسی لوبنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.