ساتە دراماتیکییەکانی ژووری دانوستانی ئەمریکا و ئێران
  2026-06-22       303       

گفتوگۆکانی ئەمریکاو ئێران بەساتەوەختێکی دراماتیکییدا تێپەڕین، هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ قسەیان نەکردو هەموو شتێک لە ڕێگەی نێوەندگیرییەکانەوە ئەنجامدرا، بەڵام لەیەک ژووریشدا بوون.

 

لە کاتی دانوستانە سەرەتاییەکانی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران کە دوێنێ لە سویسرا بەڕێوەچوو، چەندین ساتی دراماتیکی و ئاڵۆز لە ژووری دانوستانەکاندا هەبوون .

کەمتر لە کاتژمێر و نیوێک دوای دەستپێکردنی دانوستانەکان، پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ لەتۆڕی تروس سۆشیال – کە تێیدا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردبوو ئەگەر حزبوڵڵا لە لوبنان ڕانەگیرێت – تەقینەوەیەکی دروستکردو هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی خستە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەوە.

سالی لۆکوود، پەیامنێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سکای نیوز دەڵێت "بەڕاستی ئەو ساتە وا دیاربوو هەموو شتێک لەیەکتر دەترازێت، ئێرانیەکان ژوورەکەیان بەجێهێشت. ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین هیچ لایەنێک ڕاستەوخۆ قسەیان نەدەکرد - هەموو شتێک لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە دەکرا، بەڵام لانیکەم لە یەک ژووردا بوون، هیچ وێنەیەکیش بەردەست نەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڵام پێدەچێت دوای ئەوەی ئەمە ڕوویدا، نێوەندگرانی قەتەر بەڕاستی هەموو هەوڵەکانیان خستەگەڕو درێژەیان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێرانییەکان دا، ئەوانیش ئەم پلانەیان بۆ ئەوە داڕشت بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەڕێڕەو دەرنەچن”. وەک خۆیان گوتیان، شاندەکانی هەردوولا لەسەر "نەخشەڕێگاکە ڕێککەوتن بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 ڕۆژدا".

هاوکات بەپێی دوایین زانیارییەکان، شاندەکەی ئێران کە لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمان پێکهاتووە، ئێستا هاوینەهەواری بورگنستۆکیان بەجێهێشتووەو دەگەڕێنەوە تاران، بەپێی چەند ئاژانسێکی هەواڵی دەوڵەتی ئێران.

ناوبژیوانانی پاکستان و قەتەر ڕایانگەیاندووە، دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی هەفتەکە بەردەوام دەبێت، بەبێ ئەوەی دیاری بکەن کە ئایا بە شێوەیەکی شەخسیی ئەنجام دەدرێن یان نا.

عێراقچی وتی "دانوستانە سەرەتاییەکان پێشکەوتنی بەرچاویان بەرەو کۆتایی هاتنی شەڕ لە لوبنان بەدەستهێنا".

ئاماژە بەوە دەکرێت کە یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی کە لە دانوستانەکانی ئاشتی لە سویسرا باسی لێوە کراوە گەرووی هورموزە. ئەمەریکا و ئێران ڕایانگەیاندووە، لە میانەی گفتوگۆکانیاندا "هێڵێکی پەیوەندی"یان دامەزراندووە، بەمەبەستی چاودێریکردنی هاتوچۆی داهاتوو لەڕێگەی گەرووەکەوە.

بەڵام تاران دوێنێ ڕایگەیاند کە "ڕێڕەوی ئاوەکە بە داخراوی دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە". دوایین داخستن کە ڕۆژی شەممە ڕاگەیەندرا، دوای ئەوە هات کە ئێران ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.

سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئێستا بۆچوونی خۆی سەبارەت بەوە دەربڕی کە بە بۆچوونی ئەو کێ دەسەڵاتی بەسەر گەرووەکاندا هەیە، ئیبراهیم عەزیزی لەئێکس پۆستی کردووە: "ئێوە هەڕەشە دەکەن، ئێمە هەنگاو دەنێین. گەرووی هورمز نە گازینۆی شەخسی ئێوەیە و نە گۆڕەپانی یاری چەتەی دەریایی مۆدێرن؛ ئەمانە ئاوە سەروەرەکانی ئێرانن و بڕیاری کۆتاییش لە ئەستۆی گەلی بەڕێزی ئێران و هێزە چەکدارە ئازاکانیاندایە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×