جێگری سەرۆکی ئەمریکا: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێراندا پێشکەوتنی زۆر باشمان بەدەستهێناوە
  2026-06-22       119       

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خوازیاری ڕێککەوتنێکی گونجاوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا و ئێران بکات.

ئاوێنە: ​ڤانس لە لێدوانێکیدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە «بۆرگن شتۆک»ی سویسرا – کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکرد و تا بەرەبەیانی دووشەممە بەردەوام بوو – ئاماژەی بەوە کرد کە گەرووی هورمز کراوەیە. هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا کردەوە و ڕایگەیاند کە ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

​جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەم بارەیەوە وتی: "ئێمە بنەمایەکی زۆر بەهێزمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و سەرکەوتوو دامەزراندووە." سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی کاری پشکنەرە ئەتۆمییەکانیش وتی: "ڕەنگە هەر ئەم هەفتەیە یان تەنانەت ئەمڕۆش دەست بە کارەکانیان بکەنەوە."

​ناوبراو ڕەزامەندیی ئێران بۆ بانگهێشتکردنەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بە "یەکەمین هەنگاو بۆ وازهێنانی تەواوەتی ئێران لە بەرنامە یان چەکی ئەتۆمی" وەسف کرد و زیادیکرد: "ئەمە ڕێک ئەوەیە کە ئێمە دەمانویست و لە ئێرانمان داوا کردبوو." هەروەها پێشبینی کرد کە ڕەنگە هەر ئەمڕۆش هەندێک گفتوگۆ لە نێوان پشکنەران و ئاژانسەکەدا ئەنجام بدرێت.

​پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سامانی بلۆککراوی ئێران

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و وتی: "ئێمە میکانیزمێکمان بۆ چەککردنی حزبوڵڵا داڕشتووە، لە هەمان کاتیشدا دەمانەوێت ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەری لوبنان بپارێزرێت." ڤانس خواستی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە و سەبارەت بە لوبنانیش وتی: "کارەکان بەرەوپێش دەچن و ئەم بابەتە هێشتا جێگەی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیە."

​سەبارەت بە چارەنووسی دارایی و سامانە بلۆککراوەکانی ئێرانیش، ناوبراو ئاشکرای کرد: "ئێمە بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێین کە مسۆگەری بکات ئەم سەرچاوە داراییانە یارمەتی خەڵکی ئێران بدات و نەکرێتە سەرچاوەیەک بۆ پارەدارکردنی تیرۆر."

​گەڕانەوەی شاندی ئێرانی بۆ تاران

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی فەرمیی ئێرنا بڵاویکردەوە؛ ئەو شاندە ئێرانییەی کە بەشداری دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا کردبوو، دوای ١٨ کاتژمێر گفتوگۆی چڕ و بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر لە سویسرا، ڕۆژی دووشەممە گەڕانەوە تاران.

​بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە، سەرۆکایەتی شاندی تەکنیکیی ئێرانی لە سویسرا گرتووەتە ئەستۆ. هاوکات شاندە سەرەکییەکەی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، بەرەبەیانی دووشەممە شوێنی کۆبوونەوەکانیان بەجێهێشتووە، بەڵام "ڕاوێژە تەکنیکییەکان" لە درێژەی ئەم هەفتەیەدا لە سویسرا بەردەوام دەبن.

​لەم چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی پشتڕاستی کردەوە کە شاندەکەیان بە سەرۆکایەتی قالیباف دوای ١٨ کاتژمێر دانوستان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنەی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکراوە، سویسرایان بەرەو تاران بەجێهێشتووە.

​بەپێی زانیارییە میدیاییەکانی ناوخۆی ئێران، دانوستانە تەکنیکییەکانی ئێستا بە تەواوی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە و چۆنیەتی پێکهێنانی تیمە پسپۆڕییە تەکنیکییەکان چڕبووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×