دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای دەنگدانی "سێنا"ی ئەم وڵاتە سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئێران، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەم دامەزراوەیە کرد.
ئاوێنە: ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ٣ی پووشپەڕ (حوزەیران) بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" (Truth Social)، دەنگدانەکەی سێنای بە "خراپ و بێسوود" وەسف کرد.
ئەو نووسیویەتی کە ئێران لە "لێواری ڕووخان"دا بوو و ئامادە بوو هەرچییەک ئەمریکا دەیەوێت بیخاتە بەردەستی واشینگتن. ترامپ لەم بارەیەوە نووسیویەتی: «ئێران لە لێواری شکست و هەرەس هێناندا بوو و نزیک بوو لەوەی هەموو شتێکمان پێ بدات. بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ڕێزێکی زۆری بۆ ئەمریکا و سەرۆکەکەی هەبوو، بەڵام سێنای ئەمریکا بڕیاری دا لە کاتێکی نەگونجاودا دەنگدانێکی بێمانا لەسەر یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ ئەنجام بدات.»
بە بڕوای ترامپ، سێنا بەم هەنگاوە هاوکاریی دوژمنی کردووە و ئەرکی ئەوی قورستر کردووە، هەرچەندە جەختی لەوەش کردەوە کە "بە هەر شێوازێک بێت" دەگاتە ئامانجەکەی خۆی.
سێنای ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە ترامپ پابەند دەکات بە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران. ئەم هەنگاوە بە نوێترین دژایەتی کۆنگرێس بەرامبەر بە سەرۆکی کۆماریخواز دادەنرێت.
سیناتۆرەکان بە ٥٠ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ٤٨ دەنگی نەخێر، بڕیارنامەی دەسەڵاتەکانی شەڕیان پەسەند کرد کە سەرەتای همین مانگە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرابوو. ئەم ئەنجامە نیشاندەری زیادبوونی نیگەرانییەکانە، تەنانەت لە نێوان هەندێک لە ئەندامانی پارتی کۆماریخوازیشدا، سەبارەت بەو شەڕەی کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستی پێکردووە و جەماوەرییەکی کەمی هەیە.
دەنگدانەکە بە جیاوازییەکی زۆر کەم ئەنجام درا. بە شێوەیەک کە سەرجەم دیموکراتەکان تەنیا لە یەک کەس زیاتر پاڵپشتییان لەم گەڵاڵەیە کرد و چوار سیناتۆری کۆماریخوازییش چوونە ڕیزیانەوە. لە بەرامبەردا، دوو کۆماریخواز لە دەنگدانەکەدا بەشدارییان نەکرد.
تا ئێستا ڕوون نییە ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوتی شەڕەکە دەبێت. بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە حکومەتەکەی ترامپ هاوکات سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئەمە یەکەمجارە کە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیارنامەیەک پەسەند دەکەن کە سەرۆک کۆمار لەسەر بنەمای "یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ"ی پەسەندکراوی ساڵی ١٩٧٣ پابەند دەکات بە هێنانە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە تێوەگلانە سەربازییەکان. ئەم یاسایە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە "یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ" دەناسرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "ڕۆیتەرز"، هەرچەندە پێدەچێت ئەم دەنگدانە تا ڕادەیەکی زۆر لایەنی ڕەمزی (سیمبۆلی) هەبێت، بەڵام پاشەکشەیەکی ئاشکرایە بۆ دۆناڵد ترامپ کە تا ماوەیەکی کورت لەمەوبەر، لە پاڵپشتی نزیکەی تەواوەتی کۆماریخوازانی کۆنگرێس بەهرەمەند بوو. کۆماریخوازان لە هەردوو ئەنجومەنی سێنا و نوێنەران خاوەنی زۆرینەیەکی لەرزۆکن.
لەسەر بنەمای یاسای دەسەڵاتەکانی شەڕ، بڕیارنامەیەکی لەم شێوەیە بۆ واژۆکردنی سەرۆک کۆمار نەنێردرێت بۆ کۆشکی سپی. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە ئەم گەڵاڵەیە پێچەوانەی دەستوورە و لە ئەنجامدا پابەندکار نابێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش پێشتر ئەم گەڵاڵەیەی بە پاڵپشتییەکی سنوورداری کۆماریخوازان پەسەند کردبوو. گەڵاڵەکە بە ٢١٥ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ٢٠٨ دەنگی نەخێر پەسەندکرا. چوار نوێنەری کۆماریخواز لەگەڵ سەرجەم نوێنەرانی دیموکرات دەنگی بەڵێیان پێدا.