وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە لێکتێگەیشتنی نێوانیان، بێمتمانه‌ییان به‌رامبه‌ر به واشنتۆن زیاتر ده‌كات.
ئاوێنه: ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له په‌یامێكدا له سه‌كۆی ئێكس وتی، دەسه‌ڵاتدارانی ئەمریکا هیچ كات لە ڕەفتارەکانیاندا بەرامبەر بە گەلی ئێران ڕاستگۆییان نیشان نەداوە. ئێران لە کاتێکدا كه لۆژیكی هه‌بو بۆ ئەم بێمتمانه‌ییه، بە نیازپاکی پێی نایە ناو پرۆسەی دیپلۆماسییەوەو یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەپێندراوی واژۆ کرد.
وتوشیه‌تی، ئێرانییەکان دەزانن کە رقئه‌ستوریی دوژمن بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێک کۆتایی نایەت و هەر هەنگاوێک بە هۆشیاری و له‌به‌رچاوگرتنی ئەزمونەکانی 5 دەیەی ڕابردو، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردو، دەهاوێژن.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەپێندراو، یارمەتیدەر نابن لە کەمکردنەوەی بێمتمانه‌ییه کەڵەکەبوەکانی ئێران، بەڵکو تەنیا بیرهێنەرەوەی بەڵێن شکێنییەکانی پێشوە.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، ده‌بێت دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەوە لەبەرچاو بگرن کە پرەنسیپی "بەڵێن بەرامبەر بەڵێن" پێویستی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەكانی هه‌ردولا و دورکەوتنەوە لەو لێکدانەوانە هه‌یه کە بەتەواوی پێچەوانەی دەقی ڕونی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەن.