رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، بۆ دڵنیابونەوە لەوەی کە ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕاناگات، پێویستمان بە سیستهمێکی پشکنین و پشتڕاستكردنهوهی "زۆر بەهێز" هەیە.
ئاوێنه: رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهنوسان له ژاپۆن وتی: "پێموایە ئامانجی ئەم لێکتێگەیشتنەی دوایی [لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا] ئەوەیە دڵنیایی بدرێت کە ئێران بەرەو پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ناڕوات. حکومەتی ئێرانیش بەڕونی ڕایگەیاندوە کە هیچ مهبهستێكی لەو شێوەیەی نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە وتیشی: "بێگومان تەنیا راگهیاندنی مهبهست و نیەت بەس نییە. ئێمە دەبێت لە زوترین کاتدا کە لە ڕوی کردارییەوە لواو بێت، سیستهمێکی پشکنینی زۆر بەهێز دابمەزرێنین."
ئێران ڕایگەیاندوە کە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پشکنینەکان و گهڕانهوهی پشکنەرانی ئاژانسهكه لەو دامەزراوانەی کە هێرشی سەربازییان کراوەتەسەر، بەشێک دەبێت لە دانوستانەکانی ئێستا و ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکادا.
لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەدەستهاتوە، بڕیارە هەردو وڵات لە ماوەی دو مانگی دانوستاندا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.