سوپای پاسدارانی ئێران رایدهگهیهنێت، وهڵامی فراوانیان دهبێت بۆ دوبارهبونهوهی دهستدرێژییهكانی ئهمریكا و دهشڵێت، چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەی کەنداو کردونهتە ئامانج.
ئاوێنه: سوپای پاسدارانی ئێران، ئهمڕۆ شهممه، لە راگەیهندراوێکدا وتی، سهعات 04:50ی بەرەبەیان، هێزەکانیان هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوەو ئهو بنكه سەربازییەی ئەمریکایان كردونهته ئامانج کە لێیانهوه هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر نزیک فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس ئهنجام دراون.
بهرلهوه به چهند سهعاتێك فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر کۆگاکانی موشەک و درۆن و هەروەها وێستگەکانی راداری ئێران لە نزیک شاری (سیریک) لە باشوری ئەو وڵاتە ئەنجامدا.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بون بۆ پەلامارێکی درۆنی، کە کرابوە سەر کەشتیی بارهەڵگری (ئێڤەر لەڤلی) کە ئاڵای سەنگاپورەی لەسەر بوە و لە گهروی هورمز تێدەپەڕی.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس هۆشدارییەکی تووندی دا و نوسی، "توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."
ڤانس داوای لە سەرکردەکانی ئێران کرد، کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنن نەک بژارەی سەربازی. ئەمەش یەکەمجارە لەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیران، ئەمریکا راستەوخۆ ئێران بۆردومان بکات.
سوپای پاسداران ئەمریکا بە پێشێلکردنی "بڕگەی پێنجەم"ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە، کۆنتڕۆڵی هاتوچۆ لە گهروی هورمز تەنیا لە دەسەڵاتی ئێراندایە. سوپای ئێران هۆشداریی داوە، "ئەگەر دەستدرێژییەکان دوبارە ببنەوە، وەڵامەکەمان زۆر لەمە فراوانتر دەبێت."