حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا کوشتاری ئەرمەنەکان لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە بە"جینۆساید" بناسێت
  2026-06-28       613       

کابینەی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ پێشنیارێکی پەسەند کرد بۆ بەفەرمی ناساندنی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ بە "جینۆساید"، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بڕیارەکە پێویستی بەپەسەندکردنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) هەیە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حکومەت "بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی بۆ داننان بەجینۆسایدی ئەرمەنەکان قبوڵ کردووە".

ئەم بڕیارەی کابینەی ئیسرائیل دوای زیادبوونی گرژییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ تورکیا دێت لەسەر پرسە ناوچەییەکان لەوانە سوریا، غەززە، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و قەفقاز.

ئەنقەرە ئیسرائیل بە ئەنجامدانی "جینۆساید" لە غەززە تۆمەتبار دەکات؛ ئیسرائیل ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەزاری گیدیۆن ساعرەوە لەکۆبوونەوەی کابینەی ئه نجومەنی وەزیراندا بڵاویکردەوەو رایگەیاند "هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەنجامدانی کارێکی دروست"، ئاماژەی بەوەدا کە جینۆسایدی ئەرمەنەکان "زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە و هیچ ناکۆکییەکی ڕاستەقینە لەبارەی ڕاستییە مێژووییەکانەوە نییە"، هەروەها ڕایگەیاندووە "کوشتنی نزیکەی ملیۆنێک و نیو کەس و لەناوبردنی میراتی کولتووری و مێژوویی" لەخۆدەگرێت.

ساعر رایگەیاند کە بڕیارەکە نوێنەرایەتی "پابەندبوونێکی ئەخلاقی" دەکات بۆ ئیسرائیل، ئاماژەی بەو شتە کرد کە ناوی لێنا "هەڵمەتێکی نکۆڵیکردن و شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان لەلایەن تورکیاوە"، هاوکات ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوە ڕوونیکردەوە کە بڕیارەکە ڕەوانەی کنێست دەکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یاسادانان.

ئەرمەنەکان داوای ئەوە دەکەن کە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک "جینۆساید" بناسرێت، بەڵام تورکیا پێناسەی "جینۆساید" بۆ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ڕەتدەکاتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×