وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، نوێنەرانی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناوبژیوانان دەربارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران گەیشتنە قەتەر.
ئاوێنە: یورونیوز بڵاویکردەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ماجد ئەنساڕی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر، ڕاوێژکاری باڵا و زاوای دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی سێشەممە گەیشتنە دەوحە تاوەکو لەگەڵ ناوبژیوانە قەتەرییەکان کۆببنەوە".
وتیشی "ئەم گفتوگۆیانە هەموو بابەتەکانی ناوچەکە دەگرێتەوە؛ لەوانە، دانوستان لەگەڵ ئێران و هەروەها لوبنان". بەڵام جەختی کردەوە کە ویتکۆف و کۆشنەر «بۆ دانوستان لەگەڵ شاندی ئێرانی نەهاتوونەتە دەوحە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێرانیش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە چەند شاندێک لەم هەفتەیەدا ڕەوانەی قەتەر دەکات، بەڵام هاوکات جەختی کردەوە کە دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی کەنداوی فارس، لەگەڵ ئەنجامدانی هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا «لە هیچ ئاستێکدا» ڕازی نەبووە.
بە وتەی بەرپرسانی ئێرانی، شاندە تەکنیکییەکانی تاران لە دەوحە تەنها لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر سەبارەت بە وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕاوێژ دەکەن. ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و لادانی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت، لە گرنگترین تەوەرەکانی ئەم گفتوگۆیانە ڕاگەیەندراون.