تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتی دەمپارتی ڕایگەیاند، ناتۆ بووەتە هێزێکی هەژموونخواز و ئامرازی شەڕ، کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە دروستکردنی بەرە و ئەڵقەیەکی نوێی شەڕ دەبینن لە ناوچەکە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و کۆبوونەوەکەی ناتۆ کرد کە بڕیارە لە ئایندە لە ئەنقەرە بکرێت. ناوبراو وتی "کۆبوونەوەکانی ناتۆ سەبارەت بە ئاڕاستە جیهانییەکان شتی گرنگ دەردەخەن".
وتیشی "لە جیهاندا ئیتر سیستەمی بنەماکان هەرەس دەهێنێت و گوێ بە پێوەرەکان نادرێت، هەرکەسە و بەپێی هێزی خۆی دەجوڵێتەوە، تا بێ پێوەری زیاد بێت، زمانی شەڕیش ئاسایی دەبێتەوە، لە دۆخێکی وەهادا دەبێت بپرسین ناتۆ بەکەڵکی چی دێت".
ناوبراو ئەوەشی راگەیاند "ناتۆ ئێستا بووەتە هەژموونگەرییەک و ئامرازێکی شەڕ، بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو شتانە تێبگات کە ڕوودەدەن، دەبێت سەیری کۆبوونەوەکانی ناتۆ بکات، بڕیارە گەورەکان هەموویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیدەکرێنەوە، ئێمە ئەم کۆبوونەوەیە وەک بەردەوامیی کۆنسێپتی ناتۆی ٢٠٣٠ دەبینین کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، ئێمە وەک ئەڵقەیەکی نوێی شەڕ و ئاسایش دەیبینین”.
باقرخان جەختیکردەوە "ئێمە باس لە کۆبوونەوەیەک ناکەین کە ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی زیاتر بۆ گەلان بەدی بهێنێت، ئێمە باس لە کۆبوونەوەیەکی پێچەوانەی ئەمە دەکەین، ئەم کۆبوونەوەیە چەک، بەرە، فرمێسک و ئازاری زیاتر دەهێنێت، لە ئەنقەرە کۆبوونەوەی ئەو کەسانە دەکرێت کە بەرەی نوێ پێکدەهێنن، بەڵام ئێمە لێرە دەبینە دەنگی چەوساوەکان، ڕەنجدەران، گەنجان و ئاشتی، ئێمە نامانەوێت بەرەی نوێ بکرێتەوە و شەڕی لەم شێوەیە بکرێت، ئێمە ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئەمە قبوڵ ناکەین".
ئەوەشی زیاد کرد "کۆبوونەوەکە هێشتا دەستی پێنەکردووە، بەڵام ئەو شتانەی باسمان کرد پشتڕاست کرانەوە، ئەنقەرە خەریکە دەگۆڕێت بۆ زیندانێکی کراوە، چەند ڕۆژێکی تر خۆمان دەیبینین، ئاخۆ ئەنقەرە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک دەکات یان بۆ شەڕێک، ئێمە لەمە تێناگەین".
"یەکێک لە گەورەترین دەرفەتەکانی مێژووی سیاسیی تورکیا هەیە، ئەمە زیادەڕۆیی نییە، ئەمە گرنگترین دەرفەتی مێژووی سیاسیی تورکیایە، ئەمە قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، لەم قۆناغەدا هەندێک هەنگاو نران، چەکەکان لەناوبران، کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان پێکهێنرا، کۆمسیۆنەکە چوو بۆ ئیمراڵی و ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کرد، ئێمە هیچیان بە کەم نابینین و پشتگوێیان ناخەین. پێچەوانەی ئەمە، دەمانەوێت قۆناغی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی لەسەر ئەم هەنگاوانە بونیاد بنێین، ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن ئەم دەرفەتە مێژووییە بگۆڕین بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و داهاتوویەکی دیموکراتیک". هاوسەرۆکی گشتی دەمپارتی وای وت
لەکۆتایشدا ئاماژەی بەوەشدا، "لەبەر ئەوەی هەندێک کەس هەن لە ئاشتی دەترسن، چونکە شەڕ بۆ ئەوان قازانج و شەڕ کورسییە، باش دەزانن کە کاتێک گەل کۆدەبنەوە ئەم سەرمایەدارانە کۆتاییان دێت، لەبەر ئەمەیە کە هەر ڕۆژێک دواکەوتن، دەرفەتێکە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئاشتی بخنکێنن، لەبەر ئەمە، یاسای چوارچێوە دواناخرێت، واتە ناکرێت بۆ پایز دوابخرێت، گەل لە گردبوونەوەکانی ئازادیی وتی؛ دەمانەوێت بەڕێز ئۆجەلان ببینین، ئەم خاوەنداریکردنە ئەمەی پێشانداین گەل نایەوێت ئاشتی دوا بکەوێت".