بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاوتوێی ئەگەری گەڕانەوە بۆ "شەڕێکی تهواوهتی" لە دژی ئێران کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری داوە بەردەوامی بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی بدات.
ئاوێنە: بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ترمپ لەگەڵ وەزیری بەرگری، پیت هیگسیت، و سەرۆکی ئەرکانی سوپا، ژەنەراڵ دان کین، زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەنجام داوە. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتی بووە لە ئەگەری وازهێنان لە دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوانی سەربازی بۆ سەر ئێران، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا لە ١٨ی حوزەیراندا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی وەستانی دانوستانەکان، ترمپ داوای بیرۆکەی نوێی لە ڕاوێژکارانی کردووە و بژاردەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران پێشکەش کراوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر هیچ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە نەداوە. هەروەها ترمپ بە ڕاوێژکارانی ڕاگەیاندووە کە کێشەی نییە ئەگەر گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەرنامە ناوەکییەکەوە، ئەو وادەیەی دیاریکراوە (١٨ی ئاب) تێپەڕێنێت.
لە لایەکی ترەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، واشنتۆن لە پێگەیەکی بەهێزدایە و ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، بژاردەی تری بەدەستەوەیە. ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هیچ هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز تۆمار نەکراوە و نەوت بە ئاسایی دەگوازرێتەوە.
سەبارەت بە هەواڵی کردنەوەی هێڵێکی پەیوەندی بۆ ڕێگری لە قەیرانەکان لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە "کەناڵی ڕێگری لە پێکدادان" کراوەتەوە و لە ئارادایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران پێشتر ئەم هەواڵەی بە "درۆ و دەلەسە" وەسف کردبوو.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی ئێستا، بریتییە لە سووربوونی ئێران لەسەر سەپاندنی باجی خزمەتگوزاری بە بەهای ملیاران دۆلار بەسەر ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.