سەرچاوەیەکی ئاگادار بە «العربیة»ی ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو، تاران دەتوانێت بەشێک لەو داراییە بەستەڵەکراوانەی لە دەرەوەی وڵات هەیەتی، تەنها بۆ کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئەمریکا بەکاربهێنێت.
ئاوێنە: بەوتەی سەرچاوەکە، ئەم ڕێککەوتنە هیچ بڕە پارەیەکی نەختینە ناخاتە بەردەست ئێران، بەڵکو پرۆسەکە تەنها لە چوارچێوەی کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵیدا دەبێت. لەم بارەیەوە، غلامڕەزا نوری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بە نرخێکی گونجاو بخرێنە ڕوو، تاران ئامادەیە بۆ کڕینیان. نوری جەختیشی کردەوە کە بەکارهێنانی داراییە بەستەڵەکراوەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، لە بەرژەوەندی ئابووریی ئێرانە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی «العربیة» ئاشکرایان کردووە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دەوحە، زیاتر تەرکیزیان لەسەر پرسی کەنداوی فارس و سەقامگیریی ناوچەکە بووە. هەروەها باس لەوە کراوە کە چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی هەفتە، ئێران نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە داراییە بەستەڵەکراوەکانی وەربگرێت.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، پێشینەی کارەکانیان بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە داراییەکان و بەکارهێنانیان بەپێی بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی خۆیان. وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش جەختی کردووەتەوە کە ئەو شەش ملیار دۆلارەی باس دەکرێت، تا ئێستا بە تەواوی نەگەیشتووەتە دەست تاران و تەرخانکراوە بۆ کڕینی کاڵای سەرەکی.
شایەنی باسە ئێران داوای ئازادکردنی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە داراییەکانی دەکات کە لە دەرەوەی وڵات بەستەڵەکراون یان ڕووبەڕووی سنووردارکردن بوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری ئەم پارانە لە ئەمریکا نییە، بەڵام واشنتن خاوەنی کاریگەرییەکی بەهێزە لەسەر چارەنووسیان، ئەمەش وایکردووە پرسی داراییەکان ببێتە بەشێکی سەرەکی لەو یاداشتنامانەی نێوان هەردوولا.