محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی ئەمنی گەرووی هورمز و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە تاران ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لەو ناوچە ستراتیژییە نادات.
ئاوێنە: بەگوێرەی لێدوانەکانی قاڵیباف، ئێران بە پشتبەستن بە بەندی پێنجەمی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئیمزای کردووە، لەگەڵ وڵاتی عومان گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە تاران بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو میکانیزمە و لەو پێناوەشدا ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی کەناراوەکانی ناوچەکە ئەنجام دەدات.
سەبارەت بە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە کار بۆ تێکدانی ئەو لێکتێگەیشتنە دەکات کە لە نێوان تاران و واشنتۆندا هەیە، بە ئامانجی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قاڵیباف جەختی لەسەر ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند: "توانا بەرپەرچدەرەوەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە و سەرەکین بۆ ڕێگرییکردن لە هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ هەڵگیرساندن یان دەستپێکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا".