بەپێی رۆژنامەیەکی ئەمریکی، سەرۆکی ئێران بە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە و هۆشداریدان لە داڕووخانی ئابووریی ئێران رێبەری نوێی باڵای وڵاتەکە رازیکردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ واشنتۆن.
ئاوێنە: رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت "مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازی هەبووە لە قایلکردنی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن. پزیشکیان بە روونی هۆشداریی دابووە رێبەری باڵا کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی توندی ئەمریکاوە، ئابووریی ئێران لە لێواری داڕووخانی تەواودایە و هەڕەشەی کردبوو ئەگەر رێککەوتنەکە رەتبکرێتەوە، دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە".
رۆژنامەکە نوسیویشیەتی "لەژێر کاریگەریی ئەم راپۆرتە ئابوورییە مەترسیدارانەدا، موجتەبا خامنەیی دواجار رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی دانوستانەکان پیشاندا. رێبەری نوێ رایگەیاندبوو، ئەو لە رووی پرەنسیپەوە دژی ڕێککەوتنەکەیە لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام پاڵپشتی لێ دەکات ئەگەر لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە پشتڕاست بکرێتەوە".
جێی ئاماژەیە، دواتر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە زۆرینەیەکی رەها بە 12 دەنگ پلانەکەی پەسەند کرد و رێگەی بە تیمی دانوستانکاری ئێران دا بچنە سەر مێزی گفتوگۆکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ لادانی سزاکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ.