محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران جه‌خت ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر هاوكارییه‌كانیان بۆ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌و ده‌شڵێت، جێبه‌جێكردنی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا قورسه به‌ڵام مه‌حاڵ نییه.
ئاوێنه: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران پێشوازی كردوه له محه‌مه‌د ده‌روێش، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس.
قالیباف له كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندوه، دیپلۆماسی و دانوستان دەبێ بتوانێت گرێی سەربازی بکاتەوە و دەستکەوتەکانی جه‌نگاوه‌ران بپارێزێت و جێگیرییان بکات، ئەم کارە گرنگەش ئەو کاتە بەدی دێت کە وڵات لە پاڵ دیپلۆماسییه‌تدا، ئامادەی بەرگری بێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، ئەو شەوەی کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زاحیەی بەیروت، دانوستانەکان هه‌ڵپه‌سێردران و بە لایەنی ئەمریکیمان ڕاگەیاند کە دەبێت پاراستنی سەروەریی خاک لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ دژی هاوپه‌یمانانی ئێران له گروپه‌كانی مقاوه‌مه بەشێک بن لە لێکتێگەیشتنه‌کە و ئەمەش بۆ دەقەکە زیاد کرا.
وتوشیه‌تی، ئەمڕۆ ئەم لێكتێگه‌یشتنه لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و جێبه‌جێكردنیشی به‌ته‌واوه‌تی كارێكی قورسە بەڵام مه‌حاڵ نییه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران جه‌ختی كردۆته‌وه، "ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا ئاشتی ناکەین و ئیسرائیل بە فەرمی ناناسین. بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێبەری باڵا، یارمەتی موسڵمانان و بەرەی مقاوه‌مه دەدەین. ئەم یارمەتییە ئەگەر پێویست بێت بە موشەکە و ئەگەر پێویستیش بە گوشاری سیاسی بێت، گوشارە لە ڕێگەی دانوستانەوە."
وتوشیه‌تی "هەڵسوکەوتی دەوڵەتە موسڵمانەکان لەم دۆخەدا زۆر کاریگەرە. ئەمڕۆ ئەوان تێگەیشتون کە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل‌دا ئاسایشیان بۆ ناهێنێت."