بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی گوند و شارۆچکە کریستیاننشینەکانی باشووری لوبنان، داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر خاکی ئیسرائیل. بەپێی قسەکانی ناتەنیاهۆ، ئامانج لەم داواکارییە دەرچوونە لەژێر هەژموونی حزبوڵا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پارێزراوییانە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی هاوکارییان دەبێت.
ئاوێنە: ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی هات، کە تێیدا تیشکی خستە سەر هەڵوێست و داواکارییەکانی بەشێک لە دانیشتووانی باشووری لوبنان.
ناتەنیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، هۆکاری سەرەکیی داواکاریی ئەو گوند و شارۆچکە کریستیانانە ئەوەیە کە دەیانەوێت لە دەسەڵات و کۆنترۆڵی حزبوڵا ڕزگاریان ببێت و پێگەیەکی ئارام بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.
لەسەر هەڵوێستی ئیسرائیلیش بەرامبەر بەو پێکهاتەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە دۆستەکانی دەدات، بەتایبەتی کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئامانجیانە بیانپارێزن و پشتیوانییان بکەن. هەروەها ڕاشیگەیاند: "ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی گیانی دانیشتووانی ئەو گوند و شارۆچکانە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لە چەندین ناوچەی باشووری لوبنان جێگیر کردووە، بە جۆرێک تا ئێستاش پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەردەوام لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵادا لەو ناوچانە بوونی هەیە.