بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل داوا له ئەمریکا دەکات فڕۆکەی جەنگی ئێف35 و پارچەکانی بە تورکیا نەفرۆشێت، چونکە "هاوسەنگی هێز" لە ناوچەکەدا تێکدەدات.
ئاوێنه: بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له چاوپێكه‌وتنێكدا هۆشداری دا کە واشنتۆن نابێت بە بەخشینی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەربازی، خەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بکات کە "بەئاشکرا داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات."
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ سەردانی ئەنقەرە بکات. تورکیاش ئەم سەردانە وەک دەرفەتێک بۆ به‌ره‌وپێشبردنی گفتوگۆی کڕینی دەیان بزوێنەری فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئێف35 تەماشا دەکات.
نەته‌نیاهۆ بە فۆکس نیوزی وتوه "ئەم کارە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات؛ ئەو هاوسەنگییەی کە لەکۆتاییدا بەهۆی باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل و بە بڕوای من، بەهۆی ئامادەیی و هەڵوێستی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مسۆگەر کراوە."
رۆژی 24ی مانگی رابردو ئاژانسه‌كان بڵاویان كرده‌وه كه ئیدارەی ترەمپ بەنیازه گفتوگۆ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پڕۆژەی فرۆشتنی دەیان بزوێنەری فڕۆكه‌ی جه‌نگی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بە تورکیا بكات
چوار سه‌رچاوه‌ی ئاگادار به رۆیته‌رزیان وت، ئیداره‌ی تره‌مپ، وێڕای دژایه‌تی كۆنگرێس، خه‌ریكی ئه‌و كاره‌یه.
ئەم بزوێنەرانە کە بەرهەمی جه‌نه‌راڵ ئەلیکتریکن، هێزی بزوێنەری "قائان"، یەکەم فڕۆکەی جەنگیی تورکیا، دابین دەکەن.
تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ، ئەم پڕۆژە گەورەیەی لە ساڵی 2016دا بۆ بەدیهێنانی خۆبژێویی زیاتر له بواری به‌رگریدا دەستپێکرد.
یەکێک لە سه‌رچاوه‌كان به رۆیته‌رزی ڕاگەیاندوە کە بەهای ئەم گرێبەستە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار دەبێت و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا بگه‌یه‌ندرێته قۆناغی کۆتایی و یەکلایی بکرێتەوە.