عەباس عراقچی: ئێران لەژێر هەڕەشەدا دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ناکات
  2026-07-07       135       

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان ڕادەگرێت ئەگەر هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئێران هەبێت، جەختیش دەکاتەوە کە خاڵی ١٣ـی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا مەرجی سەرەکییە بۆ درێژەپێدانی پرۆسەکە.

​ئاوێنە:  عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان تاران و واشنتۆن خستەڕوو. عراقچی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەکیان لێ ناکرێت و ترسیان لەو جۆرە فشارانە نییە.

​ناوبراو بە ئاماژەدان بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واژۆ کرا، جەختی لەوە کردەوە کە "خاڵی ١٣"ـی ئەو یاداشتنامەیە بنەمایەکی ڕوون و نەگۆڕە. بەگوێرەی وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، تاوەکو هەڕەشەکان بەردەوام بن، هیچ دانوستانێکی نوێ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نادرێت و ناکرێت لە ژێر سێبەری هەڕەشەدا گفتوگۆ لەسەر بڕگەکانی دیکەی ئەو یاداشتنامەیە بکرێت.

​ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێشبینییەکان بۆ چارەنووسی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کە مانگی ڕابردوو لە نێوان تاران و واشنتۆن واژۆ کراوە، ڕوو لە زیادبوونە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×