پاسدارێكی ئێران كوژرا.. تاران هەڕەشەی وەڵامێکی "کوشندە" لە ئەمریکا دەکات
  2026-07-08     

دۆخی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو بەرەو ئاڵۆزییەکی بێ وێنە هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە زنجیرەیەک پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران روویاندا، کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە بەندەر ماهشەهر.

ئاوێنە: سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن)دا، ئەندامێکیان لە ناوچەی بەندەر ماهشەهر گیانی لەدەستداوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو پاسدارە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی باشووری ئێراندا بووە و لەو پێناوەدا کوژراوە.

لە بەرامبەردا، بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران بە توندی هۆشداری دا بە ئەمریکا و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەن وەڵامێکی "توند و کوشندە" بدەنەوە بەرامبەر بەو کردەوانەی بە "دەستدرێژی و تیرۆریستی" ناوی بردن. بارەگاکە جەختی لەوە کردەوە کە تاران لەژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە بە دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز نادات.

​لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە ئێران سەرقاڵی رێوڕەسمی ماڵئاوایی "سەرکردەی شەهیدی ئومەتی ئیسلامی" بووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکا بەبێ رەچاوکردنی هیچ پابەندبوونێک، لە رێگەی دەستدرێژییەکی ئاشکراوە چەند ناوچەیەکی باشووری ئێرانی کردووەتە ئامانج.

لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامیان داوە وەک کاردانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی ئێران کردبوویە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز. سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازییان لەناو خاکی ئێران پێکاوە، لەوانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکانی کەناراو و چەند بنکەیەکی سوپای پاسداران.

​لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە رایگەیاند، وەک وەڵامێک، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی موشەکی و درۆنیدا، 85 بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە کوێت و بەحرێن کردووەتە ئامانج.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×