دوای بۆردومانکردنی نزیک لە وێستگەی بوشەهر، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات و بنکە ئەمریکییەکانی بەحرەین و کوەیت دەکاتە ئامانج
  2026-07-09       143       

​لە پەرەسەندنێکی خێرای دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتە لووتکە. میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕیان بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای بوشەهر ئەنجامداوە، کە بەشێکیان دەکەونە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهرەوە.

ئاوێنە: سەرچاوە خۆجێییەکان لە بوشەهر پشتڕاستیان کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لەو پارێزگایە بیستراوە. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامداوە و زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازیی سوپای پاسدارانیان لە ئێران پێکاوە.

​بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 کەسی دیکەش برینداربوون، کە بەشێکیان هێشتا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێری پزیشکیدان. حسێن کرما‌نپور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کرد کە هێرشەکان 5 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە.

وەک وەڵامێک بۆ ئەم هێرشانە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانجی موشەکی و درۆنی خۆی.

ئەم شەڕە ڕاستەوخۆیە دوای ئەوە هات کە سێ کەشتیی بازرگانی لە گەرووی هورمز کرانە ئامانج. واشنتن تاران بە بەرپرسیار لەو هێرشانە دەزانێت، هەرچەندە ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" بە توندی هۆشداری دا و ڕایگەیاند: "ئەمە وەڵامێکە بۆ بۆردومانکردنی کەشتییەکان. ئەگەر ئێران دوبارەی بکاتەوە، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت." ترەمپ لە لێدوانێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردوون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوان "بە توندی" وەڵامیان داونەتەوە.

هەموو ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ بەخاکسپاردنی ڕێبەری باڵای کۆچکردوو، عەلی خامنەیی، لە شاری مەشهەد. تێکەڵبوونی پرسەی ڕێبەرەکەیان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا، دۆخێکی دەروونی و سیاسیی ئاڵۆزی لە نێو کۆماری ئیسلامیدا دروست کردووە.

​وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر، کە یەکەمین وێستگەی لەمجۆرەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکەوێتە 17 کیلۆمەتریی باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری بوشەهر لەسەر کەناری کەنداوی عەرەبی و ڕووبەرەکەی 2.5 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×