ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا، لە مەشهەد بە بەشداری سەدان هەزار کەس بەخاک سپێردرا. پرسەکە گۆڕا بۆ نیشاندانی توڕەیی بەرامبەر بەئەمریکاو ئیسرائیلو پرسەگێڕان چەندین لافیتەیان لەدژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرزکردبووە کە لەسەری نووسرابوو "ترەمپ دەکوژین".
ئاوێنە: ئایەتوڵڵا سەید مستەفا حوسێنی خامنەیی، ئەمشەو لە مەزاری پیرۆزی ئیمام ڕەزا سەرپەرشتی نوێژی لەسەر تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێرانو باوکی کرد، کە کوڕە گەورەی خامنەئییە.
ڕێبەری پێشووی ئێران لەگەڵ ئەو ئەندامانەی خێزانەکەی کە کوژراون، لە شوێنێکی ئەبەدی لە تەنیشت مەزارگەی پیرۆزی عەلی کوڕی موسا ڕەزا (ئیمام رەزا) بەخاک سپێردران.
ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و سەربازی لەوانە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و حوسێن سیماعی سەرەف وەزیری زانست و لێکۆڵینەوە و تەکنۆلۆژیا و سەید حەسەن خومەینی نەوەى دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەزاری ئیمام رەزا ئامادە بوون.
لە وێنەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمی بڵاویکردووەتەوە، لە شەقامی ئیمام ڕەزادا لافیتەیەکی گەورەیان بەدەستەوەیە، کە پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەرە و دەڵێت: "ترەمپ دەکوژین " .
هەروەها ئاڵا سوورەکان کە زاڵ بوون بەسەر کاروانەکەدا، ئاماژەیە بۆ داواکاری تۆڵەسەندنەوە لە تیرۆرکردنی ڕێبەری ئێران.
بە پێی میدیاکانی ئێران، بەشێک لەو کەسانەی کە کۆبوونەتەوە، دروشمیان دەدا: "سوپا، سوپای پاسداران، تۆڵەسەندنەوە، تۆڵەسەندنەوە!"
گەیشتنی تابوتەکان بۆ مەشهەد دواکەوت، چونکە جەماوەرەکەا زۆر بوو.
موجتەبا خامنەیی لە دوای دەستبەکاربوونی سەرکردایەتی لە دوای تیرۆرکردنی باوکی، لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، دەوترێت لە هێرشەکانی مانگی شوباتی ئیسرائیل و ئەمریکا بریندار بووە و لەو کاتەوە تا ئێستا لەژێر پارێزگارییەکی تونددا ماوەتەوە.
تەنیا لە ڕێگەی لێدوانی نووسراوەوە پەیوەندی لەگەڵ لایەنگرانی کردووە، بەبێ ئەوەی دەرکەوتنی گشتی و بێ ئەوەی دەنگی ببیسترێت.
هەڕەشە ئەمنییەکان دوای دەستپێکردنەوەی شەڕەکانی نێوان واشنتۆن و تاران زیادیان کردووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی نوێی باڵای ئێران "دەکوژێت" .
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، جەماوەرێکی زۆر لە پێنج شارو دوو وڵات بۆ ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی کۆبوونەوە.


