بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، بۆ خۆپاراستنیش چەند رێنماییەکی بڵاوکردوەتەوە.
ئاوێنه: بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکان، لە رۆژانی داهاتودا پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی، لەگەڵ دەرکەوتنی هەوری کەڵەکەبو کە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئۆکسجین و خنکانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکاندا".
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان ئەم رێنماییانهی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان خستونهتەڕو:
- چەرخ و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزە و لەگەڵ گەرمادا زو گڕدەگرن لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- خواردنەوە گازییەکان و هاوشێوەکانیان لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- عەتر و پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت بە بڕێکی کەم (سانتیمەترێک) بە کراوەیی بهێڵیتەوە.
- تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەت بە تەواوی پڕ مەکە (تێبینی: لە روی زانستییەوە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان سیستەمی سەلامەتییان هەیە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر وا باشترە).
- لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەت بکە.
- تاوەکو پێتدەکرێت لە کاتەکانی بەیانی و نیوەڕۆدا گەشت بە ئۆتۆمبێل مەکە.
- تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت لە رادەی پێویست زیاتر با (هەوا)ی مەکە، بەتایبەت لە کاتی گەشتکردندا.
- ئاگاداری دوپشک و مار بن: بەهۆی گەرمای توندەوە لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و بۆ دۆزینەوەی شوێنی فێنک رودەکەنە کێڵگە، باخچە و ناو ماڵەکان.
- خواردنەوەی ئاو: بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر ئاو و شلەمەنییەکان بخۆنەوە.
- بوتڵی گاز: دڵنیابن لەوەی بتڵی گازی ماڵەوە لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نەبێت.
- پەستانی کارەبا: ئاگاداری لۆد و پەستانی سەر پێوەری کارەبا بن؛ ساردکەرەوەکان (سپلیت و مکەیف) تەنیا لەو ژورانەدا داگیرسێنن کە خێزانەکەی لێیە، بەتایبەت لە کاتەکانی تینی گەرمادا.
- دورکەوتنەوە لە خۆر: بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆردا مەمێننەوە، بەتایبەت لە کاژێر 10ـی بەیانی بۆ 3ـی دوای نیوەڕپ.