زولقەدر: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی ئێران، ئیسرائیل دەکەینە ئامانجی وەڵامدانەوە
  2026-07-10       117       

میدیا فەرمییەکانی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٠ی تەمموز، لە زاری محەمەد باقر زولقەدر، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بڵاویانکردەوە کە لە وەڵامی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکەی، هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، ئیسرائیلیش دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی تاران.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، سەرباری بوونی یاداشتنامەیەک بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بووەتە هۆی کوژرانی ١٧ کەس و برینداربوونی ٩٣ کەسی دیکە.

​لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە لە هێرشەکانی دواییدا، نزیکەی ٩٠ ئامانجی سەربازی، لەوانە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ناوەندەکانی کۆگاکردنی موشەک و بنکەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران کراونەتە ئامانج.

​سەرەڕای ئەمانە، تاران واشنتۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی ژێرخانە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا پرد و هێڵەکانی ئاسنین کە تاران بە مەشهەدەوە دەبەستنەوە. بەوتەی بەرپرسێکی ئێرانی، هێرشەکان ناوچەکانی نزیک وێستگەی ناوەکیی بوشەریشی گرتووەتەوە کە پێشتر لە کاتی جەنگدا کرابووە ئامانج.

​ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە یاداشتنامەی تێگەیشتن لەگەڵ ئێران «کۆتایی هاتووە»، بەڵام دواتر ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ پەیوەندی بە واشنتۆنەوە کردووە؛ ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرباری بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان، کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هێشتا کراوەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×